ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بە بایەخەوە لە یەکخستن و چاکسازییەکانی پێوەندیدار بە پێشمەرگە دەڕوانن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هێزی پێشمەرگە بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و ئەو ڕۆڵەی پێشمەرگە لە لەناوبردنی تیرۆریستان گێڕای و ئەو هاوکارییەی لەگەڵ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش بەرجەستەی کرد، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لای وڵاتانی زلهێز و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناسراوە و بۆیەش جگە لە ئەمەریکا هەر یەک لە فەڕەنسا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا بەریتانیا و وڵاتانی تری جیهان بە بایەخەوە حەز دەکەن هاوکارییەکانیان و پاڵپشتییەکانیان لە پێشمەرگە درێژە پێ بدەن و لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتمانی ڕێکی بخەن. نوێترین داواکاریی ئەمەریکا ئەوەیە پێشمەرگە لە حزب داماڵڕێت و تەنیا فەرمان لە حکوومەت وەربگرێت.

فاکتەرێکی سەرەکیی بنیاتنانی دەوڵەت و نیشتمان ئەوەیە هێزێکی پتەو و پوشتە و پەرداخ و یەکگرتوو پارێزگاری لێ بکات، لە هەرێمی کوردستان ئەو هێزە هەیە بەڵام هێشتا بە تەواوی بە دامەزراوەیی نەکراوە و لە ژێر چەتری یەک فەرماندە و حکوومەتدا کۆ نەکراوەتەوە. ئەمە یەکێک بووە لە گرنگترین کێشەکانی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە سێ دەیەیە دەسەڵاتی کوردی بە دەستییەوە ناڵاندوویەتی، هەرچەندە هەنگاوی زۆر گرنگ لە پێناو یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکان و داماڵینیان لە حزب نراوە .
کاتی ئەوە هاتووە هێزی پێشمەرگە لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتدا بێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی جێبەجێ بکات ، سەرۆک مەسعود بارزانی چەند جارێک پێداگری لەسەر ئەو ئامانج و ویستە کردووە کە یەک حکوومەت و یەک پێشمەرگە و یەک پەرلەمان هەبێت.
لە دەیەی ڕابردوودا هەنگاونان بۆ یەکخستنی پێشمەرگە زۆر خێراتر بووە و ئەوەی لەم هەنگاوانەدا ڕۆڵی کاریگەری بینیوە ئەمەریکا بووە و لە پاڵ ئەمەریکا ژمارەیەک لەو وڵاتانەی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشدابوون لەوانەش فەڕەنسا و بەریتانیا و هۆڵەندا و ئەڵمانیا یارمەتیی هەرێمی کوردستانیان داوە لەوەی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتووی پوشتە و پەرداخی هەبێت و لە حزب داماڵڕابێت و لەنزیکەوە ڕاهێنانیان بە پێشمەرگە کردووە.
لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک لیوای پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕۆڵیان پێ سپێڕدراوە، ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگەیش ماون کە لە دەرەوەی وەزارەتەکەن و هەنگاوەکان چڕ کراونەتەوە تا ئەوانەش یەک بخرێن
ئەمەریکا لە دەیەی ڕابردوودا چەندین خولی ڕاهێنانی بۆ پێشمەرگە کردووەتەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێم ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتنی واژۆ کردووە و ئەمەریکا تەنانەت مانگانە مووچە و بودجەی تایبەت بە هێزەکانی پێشمەرگەی بڕیوەتەوە و بۆی دابین کردوون.
لە نوێترین هەنگاودا ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی نیسان وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوکاریی ڕێکخراوێکی ناحکومیی ئەمریکی، وەگەڕخستنی پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵیی ڕاگەیاند، کە زانیاریی پێشمەرگە و تیمە تەندروستییەکانی وەزارەتەکە لەخۆدەگرێت و بەڕێوەبردنی کاروباری پزیشکی لە هەر دوو دۆخی ئاشتی و شەڕدا ئاسانتر دەکات.
ستیڤن بیتنەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە لە کاتی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمەکەدا گوتی لە ڕێگای ئەو پلاتفۆرمەوە هەوڵ دەدەن پێشمەرگە زیاتر بە پیشەیی بکەن و کاریگەرییەکانی حزب لەسەر ئەو هێزە کەم بکەنەوە بەو ئامانجەی تۆکمە و کاریگەرتر ببن و تەنیا لە ژێر فەرمانی حکوومەتدا بن.
هەر ئەو ڕۆژە بەپێی ئامارێک کە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە خستیە ڕوو تا ئێستا سەد و سی و هەشت هەزار پێشمەرگە لە یازدە فیرقەی سەر بە دوو هێزی پشتیوانیدا تۆمار کراون. ئەو دوو هێزە لەژێر فەرمانی دوو فەرماندەیی ناوچەیی جیادا دەبن کە پێشتر دامەزراندنیان ڕاگەیەنراوە.
ئەو لەسەرەتای شوباتی ئەمساڵیش گوتبووی کە كارەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەگوێرەی پلان بەڕێوە دەچن‌ و یەكخستنی پێشمەرگە بەشێكی سەرەكییە لە بەدەستهێنانی ئامانجەكان بۆ دروستكردنی سوپایەكی بەهێز و نیشتمانی و تەنانەت گوتی پرۆسەی چاكسازی ‌و یەكخستنی هێزی پێشمەرگە قۆناغی دژواری بڕیوە و تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ هەموو هێزەكانی پێشمەرگە بە یەکەکانی حەفتا و هەشتاوە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا یەك دەخرێنەوە.
یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێگەی هەرێمی کوردستان زۆر تۆکمەتر و بەهێزتر دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا پاڵپشتیی زیاتری سەربازی و دارایی بۆ دابین بکەن چونکە جەنگی دژی داعش سەلماندی پێشمەرگە فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی و جیهانییە.