نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە قامیشلۆ، لە گوتارێکیدا پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە دیدگایەکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد و چارەکردنی دۆزی کورد
حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە قامیشلۆ، پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە دیدگایەکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد و چارەکردنی دۆزی کورد تاکوو بەشداریی کورد لەم وڵاتەدا مسۆگەر بکات.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا گوتیەتی: گەلی کورد لە سووریا دەیان ساڵە بەدەست پشتگوێخستن و هەموو جۆرەکانی پەراوێزخستن و ئینکاری و چەوساندنەوە دەناڵێنێت، ئەمڕۆ له کاتێکدا گۆڕانکاری خێرا له سووریا و ناوچه که ڕوودەدات، له داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، دەرفەتی گەورە بۆ گەلەکەمان هاتووەتە ئاراوە، بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی گەورە دەکەوێتە سەر ئێوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکانی ئیستا و ئامادەکردنی پرۆژەیەکی فراوان و گونجاو که گوزارشت له خواستەکانی گەلەکەمان بکات، لەچوارچێوەی سووریای یەکگرتوو ئازاد و دیموکراسیدا.
لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە، لەبەرامبەر دوایین هەڕەشەکانی ناوچەکە، گرنگی خەباتی دیموکراسی و ئاشتیانە وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە خواستەکانیان دیارە، لەم چوارچێوەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماسی لە هەموو کاتێک گرنگترە و لە چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکاندا ئەنجامێکی باشتری لێدەکەوێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، دووپاتی دەکەمەوە کە یەکگرتنەوەی کورد و دامەزراندنی بنەمایەکی هاوبەش، کلیلی بنەڕەتی چارەسەری دادپەروەرانە و بەردەوامی پرسی کوردە لە سووریا. لەسەر ئەو بنەمایە، دروستکردنی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق هەنگاوێکی پێویستە بەرەو بەشدارییەکی ڕاستەقینە لە بنیاتنانی ئایندەی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردمان و بەشداری کارا لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە قمشلۆ
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشک و برایانی ئازیز ئاامدەبووانی بەڕێز..
زۆر خۆشحاڵم کە لەم بۆنە گرنگەدا، سڵاوی خۆم ئاراستەی ئێوەی بەڕێز دەکەم و لە ڕێگەی ئێوەشەوە، بۆ گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە لە هەوڵەکانی بنیاتنانی یەکگرتوویی کورد و پێناسەکردنی دیدێکی یەکگرتوو و هاوبەش، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد، کە بەشداریی ڕاستەقینەی گەلی کورد لە وڵاتەکەیدا مسۆگەر دەکات، هەروەها دەبێتە هۆکارێک بۆ بەشداریکردنتان لە بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان.
لەو چوارچێوەیەدا سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێز مەزڵووم عەبدی و هەوڵی یەک بەیەکتان لە ڕێکخستن و ئامادەکاری بۆ ئەم کۆنفرانسە دەردەبڕم. هیوادارم هەمووتان بەردەوام بن لە هەوڵەکانتان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی لێکتێگەیشتن و هاوکاری یەکتری نێوان گەلەکەمان.
ڕاستییەکە کە گەلی کورد لە سووریا دەیان ساڵە بەدەست پشتگوێخستن و هەموو جۆرەکانی پەراوێزخستن و ئینکاری و چەوساندنەوە دەناڵێنێت، ئەمڕۆ له کاتێکدا گۆڕانکاری خێرا له سووریا و ناوچه که ڕوودەدات، له داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، دەرفەتی گەورە بۆ گەلەکەمان هاتووەتە ئاراوە، بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی گەورە دەکەوێتە سەر ئێوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکانی ئیستا و ئامادەکردنی پرۆژەیەکی فراوان و گونجاو که گوزارشت له خواستەکانی گەلەکەمان بکات، لەچوارچێوەی سووریای یەکگرتوو ئازاد و دیموکراسیدا.
لەبەرامبەر دوایین هەڕەشەکانی ناوچەکە، گرنگی خەباتی دیموکراسی و ئاشتیانە وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە خواستەکانیان دیارە، لەم چوارچێوەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماسی لە هەموو کاتێک گرنگترە و لە چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکاندا ئەنجامێکی باشتری لێدەکەوێتەوە.
بەڕێزان باش ئاگاداری کاریگەرییە نەرێنییە ڕاستەوخۆکانی شەڕ و توندوتیژی سەر گەلی سووریاین، کە بووەتە هۆی لەناوچوونی ژێرخانی وڵات و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و لەناوچوونی ژێرخانی کۆمەڵایەتی و پەکخستنی ژیان و چڕبوونەوەی هەڕەشەکانی توندوتیژی و مەزهەبی و تیرۆر.
بۆیە ئێمە پشتیوانی لە بنیاتنانی سووریایەکی نوێ و دیموکراسی و هەمەچەشن و یەکسان دەکەین، کە تێیدا مافەکانی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیشەوە مسۆگەر بکرێت و هیچ شوێنەواری ستەم و دیکتاتۆریەت نەمێنێتەوە، هەروەها پشتگیری لە دروستکردنی دەستوورێک دەکەین، کە گەرەنتی ئەم بنەمایانە بکات و ئاسایش و سەقامگیری و هاوسەنگی و لێخۆشبوون لە وڵاتدا مسۆگەر بکات و بپارێزێت، ئەمەش هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی گەش بۆ هەموو سوورییەکان، زامنکردنی مافە مەدەنی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هەموو هاووڵاتییان.
بەڕێزان،
دووپاتی دەکەمەوە کە یەکگرتنەوەی کورد و دامەزراندنی بنەمایەکی هاوبەش، کلیلی بنەڕەتی چارەسەری دادپەروەرانە و بەردەوامی پرسی کوردە لە سووریا. لەسەر ئەو بنەمایە، دروستکردنی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق هەنگاوێکی پێویستە بەرەو بەشدارییەکی ڕاستەقینە لە بنیاتنانی ئایندەی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردمان و بەشداری کارا لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا.
ئێمە جەخت لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندی برایەتی نێوان کورد و هەموو پێکهاتەکانی تری گەلی دراوسێی سووریا دەکەینەوە، بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی و پاڵپشتیکردنی کولتووری لێبوردن و ئاشتەوایی نیشتمانی و دڵنیابوون لەوەی داهاتووی سووریا لەسەر بناغەکانی هاوپشتی و ڕێزگرتنی یەکتر و هاوڵاتییەکی یەکسان بنیات بنرێت، بناغەیەکی سەرەکین بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی ئاشتیخواز و دادپەروەرانە بۆ هەمووان.
لە کۆتاییدا، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم بۆ کۆنفرانسەکەتان. هیوادارم ئەنجامەکانی ببێتە هۆکارێک بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و کاری گەلەکەمان و لە ئاستی ڕەنج و قوربانیدان و مێژووی گەلی کورددا بین. پاڵپشتی تەواوی خۆم بۆ هەر هەوڵێکی دڵسۆزانە دووپات دەکەمەوە کە ئامانجی یەکخستنی ڕیزەکانی کورد و پێکەوە کارکردن بێت بۆ داهاتوویەکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ گەلەکەمان.
مەسعوود بارزانی
26ـی نیسانی 2025