هۆشیار زێباری: لە قۆناغی دابەشکردنی پۆستەکانداین

سەرۆکی شاندی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئۆمێد دەکەین کابینەی نوێ بە زووی پێک بهێنرێت و کۆبوونەوەکانیش بەباشی بەڕێوە دەچن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، هۆشیار زێباری سەرۆکی شاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکان لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بە باشی بەڕێوە دەچن.

هۆشیاری زێباری گوتی: وەرەقەی سیاسی و بەرنامەی حکوومەت کۆتایی هاتووە، ئێستا لە قۆناغی دابەشکردنی پۆستەکانداین.

گوتیشی: هیوادارین کابینەی نوێ بە زوویی پێک بهێندرێت و ئەمڕۆش شاندی ئێمە لە دیداری سلێمانی ئامادە بوون و دوێنیش لە پیرمام کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگمان کرد.

هەر لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئەمڕۆ سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە ئاستێکی باشدان و کۆبوونەوەکانیش بە باشی بەڕێوە دەچن و هیوادارین بتوانین لە ماوەیەکی کورتدا حکوومەت پێک بهێنین.