جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس، حکوومەتی فیدراڵی هیچ هەنگاوێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال نەناوە.
پێشنیوەڕۆی دووشەممە، 14-04-2025، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، فراکسیۆنە کوردستانییەکان یادی 37ـەمین ساڵیادی ئەنفالی دژی گەلی کوردیان لە نێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق، کردەوە.
شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە نوێنەرایەتیی پەرلەمانتارانی کورد، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “ئامانجمان لە یادکردنەوەی تاوانی ئەنفال بۆ ئەوە بووە، بەبیری ئەوانەی ئێستا لە بەغدا دەسەڵاتدارن بهێنینەوە کە هەموو ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان کران، تەنها لەبەر شۆناس و ناسنامەی نیششتیمانیمان بووە کە کورد بوونە. ئەگەر تاوەکوو ئێستاش، عەقڵییەتێک مابێت لەسەر بنامەی شۆناس، دژایەتیی کورد بکات، دەبێت بەبیریان بهێنینەوە، پرۆسەی ئەنفال و هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی بە درێژایی مێژوو لە دژی گەلەکەمان کران، نەیانتوانی کورد لەناو ببەن و لە هەوڵەکانمان بۆ دەستخسنی مافە ڕەواکانمان بەردەوام بووین و بەردەوامیش دەبین.”
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق “بەداخەوە لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس، تاوەکوو ئێستە دەرهاوێشتە و لێکەوتەکانی ئەنفال لە کوردستان ماون و هیچ هەنگاوێکی جیددی و کردەیی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوو و کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال، هاوشێوەی کۆمەڵکوژییەکانی دیکەی (دژی گەلی کورد) نەنراوە؛ سەرەڕای ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە جینۆساید ناسێنراوە.”
شاخەوان عەبدوڵلا دووپاتی کردەوە “ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی پەرلەمانی عێراقە قەرەبووی زیانلێکەوتوو و کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال بکاتەوە. لە بابەتی قەرەبووکردنەوەدا، بەرپرسیارێتیی هەرە گەورە لەسەر ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵییە، لە ڕووی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان، گەڕاندنەوەی ڕوفاتی قوربانییانی ئەنفال و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانیان. ساڵی ڕابردوو، لە چوارچێوەی ماددەی 140 پرۆژەیەکمان بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال ئامادە کرد، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستە دوای زیاتر لە 20 ساڵ، قەرەبوو نەکراونەتەوە.”