ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران بەردەوامن بۆ گرنگیدانی زیاتر بە ژینگەی هەرێم و داخستنی هەموو پاڵاوگە نایاساییەکان.
سێشەممە، 8ـی نیسانی 2025، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ڕێکاری یاسای دژی هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە ژینگە پیس دەکەن، لە ئەنجامی ئەو ڕێکارانەش تەنیا لە هەولێر لە کۆی 138 پاڵاوگە 59 پاڵاوگەی سووتەمەنی داخراون، ئەمە لەگەڵ داخستنی 13 پاڵاوگەی دیکە لە سنووری دهۆک.
ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت جەخت لەوە دەکاتەوە، هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەردەوامن و کەشوهەوای کردووە بە پێشینەی کارەکانی و ئەمەش بووەتە هۆی دامەزراندنی ژمارەیەک پرۆژەی تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا.
ڕۆژی یەکشەممە، 12-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا “پرسی ژینگەپارێزی بەشێکی گرنگی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین و پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە، ئەرکی هەموو لایەکە.”
بڕیارەکانی دوای کۆبوونەوەکە:
یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک ، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: ڕێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئۆتومبیل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستیی هەیە. هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێ خاوەنی مۆلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکوومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: ڕێگریی لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکار دەهێنرێت.