لە چوارچێوەی سەردانەکەى بۆ پاریس و بەمەبەستی بەشداریکردنى لە ڕێورەسمى ئاهەنگى نەورۆز، دوێنێ، پێنجشەممە 2025.3.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانى شارەوانی گەورەی پاریس کرد و لەگەڵ ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانی پاریس کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر وێرای گەیاندنی سڵاو و رێزی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستان، سوپاسی حکومەت و گەلی فەرەنسای کرد بۆ بەردەوامیی پشتیوانییان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کە لە ڕۆژگارە سەختەکاندا فەرەنسا هەمیشە پشتیوانیی لە گەلی کوردستان کردووە.
پاشان هەردوولا جەختیان لە بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و پاریسى و پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کردەوە و گفتووگۆیان لە بارەی یاداشتی لێکتێگەشتنی دەستەخوشکی نێوان هەردوو شارەکە کرد.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایەسەر پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵاتی هەولێر و دابینکردنی خانوویەک تێیدا، کە وەکو ماڵی پاریس دێتە ناساند، لەلایەن خۆیەوە سەرۆکی شارەوانی پاریس ڕاگەیاند، فەرەنسا بە چاووی رێزەوە دەڕوانێتە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ ئەومەبەستەش بڕیار دراوە لە پاریس پارک و شەقامێک بەناوی پێشمەرگە بکرێت، گوتیشی، لەئێستادا پڕۆسەی دەنگدان لە سەرۆکایەتی شارەوەنی پاریس بەکۆتا هاتووە، لەوبارەیەشەوە هەردوولا ڕێکەوتن لە ئایندەدا بە ئامادەبوونی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی فەڕەنسا لە ڕێورەسمێکی شایستەدا ئەو پارک و شەقامه بکرێتەوە.
لە خاڵێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتۆگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکانی فرانکۆفۆنی کرا کە لە مانگی چواری ئەمساڵ لە ڤێتنام بەڕێوەدەچێت، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، ئامادەیی هەولێر و هەرێمی کوردستانی نیشاندا کە کۆبوونەوەی فڕانکۆفۆنی بۆ ساڵی داهاتوو لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەبچێت.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی شارەوانی پاریس خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەکەى پارێزگاری هەولێر بۆ پاریس و بەشداریکردنی لە ڕێورەسمى ئاهەنگى نەورۆز نیشاندا و دووپاتی لەسەر پتەوکردنى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەولێرى پایتەخت کردەوە.