ئەمڕۆ یەک شەممە 23ی ئاداری 2025، بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. فەریق سیهاد بارزانی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک ، راوێژکاران و ئەفسەرانی باڵای ئەڵمانیا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای حکومی وئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەتی پێشمەرگە لە مەراسیمێکدا فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کۆتایی ئەرکەکەی راگەیاند و کۆڵۆنێڵ کووپەرـی وەک جێگرەوەی خۆی لە هەرێمی کوردستان ناساند.
لەو رێورەسمەدا، وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانی کۆڵۆنێڵ تۆماس ریتەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کردو رایگەیاند: ستایشی کۆڵۆنێڵ ریتەر دەکەین کە لەماوەی ڕابردوودا ڕۆڵی باڵای گێڕاوە لە هەماهەنگی و بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تیمی ڕاوێژکارانی ئەڵمانیا و وەزارەتی پێشمەرگە و هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چاکسازی و ڕاوێژەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە جێگای ڕێز و پێزانینمانە.
وەزیری پێشمەرگە هیوای سەرکەوتنی بۆ کۆڵۆنێڵ ریتەر خواست لە ئەرکی داهاتوویدا، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ کووپەر کرد کە وەک فەرماندەیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دەستبەکاردەبێت وەزیری پێشمەرگە راشیگەیاند: پاڵپشتی و پشتیوانییەکانی ئەڵمانیامان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ووڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرزدەنرخێنین و بە هیواین پاڵپشتیەکان فراوانتربکرێن.