پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە ئامەد: هەرچی بە ئێمە بکرێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەیکەین

لە ئامەدی باکووری کوردستان دەیان هەزار هاونیشتمانی بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆز کردووە. لە ئاهەنگەکەدا پەیامی نێچیرڤان بارزانی خوێندرایەوە کە رایگەیاندووە، “هەرچی بە ئێمە بکرێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەیکەین.”
دڵشاهد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، پێڤاژۆی ئاشتی دەرفەتێکی مێژووییە و نابێت لەدەستی بدەین. “ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، پشتیوانی خۆمان بۆ پرۆسەی ئاشتی و سەرکەوتنی پێشاندەدەین.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، “جەژنی ئێمەی نەورۆز ئەم ساڵ لە کاتێکدایە کە زەمینەیەک بۆ ئاشتی و ئارامی دروستبووە، بۆ ئەمەش هەوڵی دەوڵەتی تورکیا، لە سەرووی هەموویانەوە هەوڵی بەڕێز، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هەموو ئەوانەی خواستی ئاشتیان هەیە، هەروەها هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆک ئۆجەلان و هەر کەسێک کە پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات، بەرز دەنرخێنم.”
دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
خوشک و برایانی بەڕێز
جه‌ماوه‌ری خۆشەویستی ئامەد،
به‌شدارانی ئازیزی ئاهەنگی نەورۆز،
ئێوارەتان باش..
لە دڵ و دەروونەوە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێتان لێ پیرۆز دەکەم. نەورۆز، ئەم جەژنە مێژووییە کە نیشانەی ژیانەوە، نوێبوونەوە، هیوا و ئومێدە، کولتوورێکی هاوبەشمانە کە بە درێژاییی هەزاران ساڵ، کورد و گەلانی ئەم ناوچەیە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هیوادارم نەورۆزی ئەم ساڵ ببێتە نەورۆزی خێر و خۆشی و سەرکەوتن بۆ هەمووتان.
جەژنی نەورۆزی ئەم ساڵ لە کاتێکدایە کە زەمینە و هیوایەک بۆ ئاشتی و ئارامی دروست بووە. بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی بەڕێز سەرۆککۆمار ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و هەموو هێز و لایەنەکان کە ڕه‌نج بۆ ئاشتی ده‌کێشن، هەروەها هەوڵەکانی بەڕێز ئۆجەلان و هەر کەسێک کە پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکات، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە هەڵدەسەنگێنم.
پرۆسەی ئاشتی دەرفەت و هەنگاوێکی مێژوویییە، دەبێت لەدەست نەدرێت و هەموو کەسێک بۆ سەرخستنی ئاشتی بە دڵ و گیان کار بکات. گەلی کورد بە ئاشتی و پەرەپێدانی کولتووری پێکەوەژیان، دەتوانێت باشتر و زیاتر دەنگی خۆی بگەیەنێت و مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت. ئاشتی دەتوانێت نێوان گەل و میللەتان خۆش بکات، وڵاتان ئاوەدان بکاتەوە و بۆ هەموو کەسێک ئارامی بهێنێت.
ئێمە دیسان لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پشتگیریی خۆمان بۆ ئاشتی و سەرخستنی ئەم پرۆسەیە ده‌رده‌بڕین. بۆ سه‌رکه‌وتنی ئاشتی، هەرچی بکەوێتە سەر شانمان و چیمان لێ داوا بکرێت، ئامادەین. سەرکەوتنی ئاشتی، سەرکەوتنی هەموومانە.
لەم ڕۆژ و جەژنە پیرۆزەدا، دیسان لە دڵ و دەروونەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم، جەژن و سەری ساڵتان پیرۆز و بە خێر بێت. هیوادارم نەورۆزی ئەم ساڵ ببێتە نەورۆزی ئاشتی و ئارامی. هیوای جەژن و ئاهەنگێکی خۆش و شاد بۆ هەمووتان دەخوازم. هەر هه‌بن.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
21ـی ئاداری 2025.