سەرۆک بارزانی نامەیەکی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی بۆ کوردانی باکوور لە دیاربەکر ناردوو و تێیدا وێڕای ئومید خواستن بۆ ئازاد کردنی عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، پشتیوانیی بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری لە توركیا دووپات کردەوە.
هەینی 21ـی ئاداری 2025، گەورەترین کەرنەڤاڵ و ئاهەنگی نەورۆز لە دیاربەکری باکووری کوردستان بە ئامدەبووانی ملیۆنان کوردستانی بەڕێوەچوو، تێیدا پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لەلایەن سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی خوێندرایەوە.
ئەمە دەقی پەیامەکەیە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
نەورۆز بۆ گەلی كوردستان، بەهار و نوێبوونەوە و ڕۆشنایی و ئازادیە، نەورۆز واتای ژیانێكی تازە و موژدەی سەركەوتنی ڕووناكی بەسەر تاریكی و زوڵمدا دەدات، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان دەكەم، پیرۆزبایی نەورۆز لە هەموو ڕۆڵەكانی گەلی كورد لە پارچەكانی تری كوردستان دەكەم، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نەتەوانە دەكەم كە نەورۆز بەشێكە لە مێژوو و كولتوور و دابونەریتیان.
لێرەدا دەمەوێ بە گەرمی پیرۆزبایی نەورۆز لە ڕەوەندی كوردی و لەو ملیۆنان كوردە بكەم كە بە هەستێكی بەرزەوە، دوور لە خاكی نیشتمانتان جەژنی نەورۆز بە بەرزی ڕادەگرن و بەهاكانی نەورۆز بە هەموو جیهاندا بڵاو دەكەنەوە، پێیان دەڵێم كە ئێوە هەمیشە لە هزر و ویژدانی ئێمەدان و خۆشی و جەژنەكانتان درێژكراوەی خۆشی و جەژنەكانی ئێمەیە، جێگەی شانازییە كە دەبینین دەست لەناو دەست و بە یەكدڵی لە نەورۆزدا ئاڵای ئازادی و شكۆ بەرز دەكەنەوە، زۆر خۆشحاڵم كە لە شاری (كۆڵن)ـی ئەڵمانیا ، بەیانی مەراسیمێكی گەورەدا خۆشەویستی و سۆزی خۆتان بۆ وڵاتەكەتان دووپات دەكەنەوە، ئێوە دەنگ و ڕەنگی گەلەكەتانن و دەستخۆشیتان لێ دەكەم.
لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا، بە شانازییەوە جەخت لە فەرهەنگی پێكەوەژیان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان دەكەینەوە، هەر لەو سۆنگەیشەوە پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری لە توركیاین و هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا، بەڕێز عەبدولڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت، ئاشتی، بە تاكە ڕێگەی ڕاست و دروستی تێپەڕاندنی كێشەكان دەزانین، هەر لەم بۆنەیەدا بەو هیوایەین كۆتایی بە ئێش و ئازارەكانی گەلی كورد لە سووریا بێت و كورد بە هەڵوێستێكی هاوبەش و بە ڕێكاری ئاشتیانە لەگەڵ لایەنەكانی تری سووریا بگەنە ئەنجامێك كە لە خزمەتی هەموو لایەكدا بێت.
هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێكێك بۆ ئاسوودەیی و خۆشی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و عێراق و ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەكانیان لە كامەرانی و بەختەوەری بەڕێ بكەن، ئومێدی ئەوە دەخوازم گەلانی ناوچەكە بتوانن لەژێر سایەی ئارامی و سەقامگیریدا لە كەشێكی ئاشتیانە و برایەتیدا بژیین.
نەورۆزتان پیرۆز بێت و بمێنن بە خێر و خۆشی.
مسعود بارزانی
30ـی ڕەشەممەی 2724ـی كوردی
20ـی ئاداری 2025ـی زایینی