گرووپە چەکدارەکان خەریکن عێراق بەرەو مەترسییەکی گەورە دەبەن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دۆخی تەناهیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ دەستپێکردنی گەڕێکی تری جەنگ لە غەزە و کۆتاییهاتنی بڕیاری ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس جارێکی دیکە شڵەژاوە و ئەگەر وڵاتان بەرپرسیارانە هەڵسوکەت نەکەن لەوانەیە پڕیشکی ئەو ئاگری جەنگە بیانگرێتەوە و ئەزموونی سووریا، لبنان و یەمەن لەبەردەم عێراقە بۆ ئەوەی بڕیارە راستەکە بدات.

حەوتی ئەکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و هەڵگیرسانی جەنگی غەزە کە بە دستپێشخەریی هێرشەکەی حەماس و کوژرانی هەزار و دووسەد ئیسرائیلی و بە بارمتەگرتنی سەدان کەس دەستی پێ کرد، کارەساتی زۆر گەورەی لەدوای خۆی جێهێشت و لە ماوەی پازدە مانگ شەڕی بەردەوام، سەرووی چل و حەوت هەزار کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵ بوون و کەرتەکەش بە تەواوی وێران بوو.
لە سەرەتای ئەمساڵ بە ناوبژیوانیی قەتەر و میسر و ئەمەریکا هەر چۆنێک بێت جۆرێک ئاگربەست لە غەزە ڕاگەیەندرا کە هەنگاوێکی ئەرێنی بوو بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ بەڵام ئەم قۆناغە لە دوێنێوە کۆتایی هات دوای ئەوەی ئیسرائیل جارێکی تر غەزەی کردە ئامانج. بە پێی دواین ئامار سەرووی چوارسەد و پەنجا کەس کوژراون کە زۆرینەیان خەڵکی سڤیلن و لە نێو ئەوانەشدا ژمارەیەک سەرکردەی باڵای حەماس کوژراون کە حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا خۆی ناوو پۆستەکانی بڵاو کردەوە.

وەک ئاشکرایە هەر یەک لە سووریا و لبنان لە ماوەی ئەم شەڕەدا زۆرترین کاریگەرییان بەرکەوت و لە پاڵ ئەوانەدا یەمەنیش بەهۆی دەستوەردانی حووسییەکان لە جەنگ و دروستکردنی لەمپەر لەبەردەم بازرگانی دەریایی زیانیان بەرکەوتووە و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئەمەریکا هێرشێکی چڕی کردووەتەوە سەریان.
عێراق یەکێکی تر بووە لەو وڵاتانەی کە لە ململانێیە مێژووییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان کاریگەری وەرگرتووە. هەرچەندە عێراق وەک حکوومەت بەشدار نەبووە بەڵام بەرانبەر ئەو گرووپانە بێدەنگ بووە کە خۆی مووچە و چەکیان بۆ دابین دەکات و لە دەرەوەی ڕێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان و دوور لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات، جووڵاوەتەوە.
لە عێراق دەیان گرووپی میلیشیایی هەن کە لە چوارچێوەی دامەزراوە یاسایی و فەرمییەکانی عێراقدا خۆیان پێناسە نەکردووە و سەربەخۆیانە بە فەرمانی دەرەکی بەشدار بوون لە بەشێک لەو پشێوییانەی ناوچەکە بێ ئەوەی ڕەچاوی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراقیان کردبێت.
عێراق لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل و گرووپە میلیشیاکان کراونەتە ئامانج و چەندین جاریش بە فەرمی حکوومەتی عێراق لەوە ئاگادار کراوەتەوە دەستوەردانی لە کاروباری وڵاتانی تردا نەبێت و پێشی ئەو گرووپانە بگرێت کە بە فەرمانی وڵاتانی تر لە ناوخۆی عێراق چالاکییان هەیە.
هەر چەندە ڕووخانی ڕژێمی سووریا لە لایەک و ڕاگەیاندنی پەیمانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل وحەماس کاریگەری هەبووە لە کڕبوونی گرووپە میلیشیاکانی عێراق و لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا جووڵەیەکی ئەوتۆیان لێ نەبینراوە بەڵام ئەو ئەگەرە هەیە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستی غەزە و دەستپێکردنی جەنگ لە غەزە و ئاڵۆزییەکانی یەمەن، گرووپە میلیشیاکانی عێراقیش بە جووڵە بکەون و دەست بە چالاکی بکەنەوە.
ئەمەریکا لە ماوەی مانگەکانی ڕابردودا گوشارێکی زۆری خستە سەر حکوومەتی عێراق کە کۆتایی بەو گرووپانە بهێنێت و چالاکییەکانیان سنووردار بکات. لە ڕاپۆرتێکدا کە هەفتەی ڕابردوو فۆڕن ئەفێرزی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە بە وردی تیشکی خستە سەر ڕۆڵی خراپی ئەو گرووپە میلیشیایانە لە عێراق کە لە سامان و پارەی وڵاتەکە دەبەن و هەنگاوەکانیان پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی عێراقە و یەکێک لە پلانەکانی ترەمپ ئەوەیە کۆتاییان پێ بێنێت و چی تر ڕێ بە ئێران نەدات لە ڕێی ئەو گرووپانەوە عێراق بۆ مەبەستی خۆی بەکار بهێنێت.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دوێنێ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوە کرد کە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق هەبووە و ئەوەی وای کردووە ئەو هێرشە لە ڕابردوودا نەکرێت پێوەست بووە بە دەستوەردانەکانی ئەمەریکا و پێشی هێرشەکەی گرتووە و دیپلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لەم ڕووەوە ڕۆڵی کارای هەبووە.
وەزیری دەرەوەی عێراق پێی وایە دەستوور و بەرژەوەندییەکانی عێراق بە هیچ شێوەیەک ئەوە ناخوازن عێراق بچێتە ناو هیچ شەڕێکەوە و بەو پێوەندییانەی لەگەڵ ئەمەریکا هەیانە هەموو هەوڵێکیان داوە عێراق لە هێرشی دەرەکی بپارێزن و لە ڕابردودا لەم هەنگاوەدا سەرکەوتوو بوون. پێداگری لەوەش کرد کە عێراق پێویستی بە ئارامییە و نابێت چەک لە دەرەوەی دەسەلات و حکوومەت بەکار بهێنرێت.
عێراق لەبەردەم دوورێیانێکدایە یان دەبێت خۆی کۆتایی بە گرووپە میلیشیاکان بێنێت و ڕێیان پێ نەدات لە دەرەوەی بەرژەوەدنییەکانی عێراق هیچ هەنگاوێک بنێن یان دەبێ چاوەرێی ئەوە بکات وڵاتان خۆیان ئەو گرووپانەی بۆ چارەسەر بکەن.