بەھۆی پڕۆژەی ڕووناکی سەدان مووەلیدە کوژێنراونەتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پڕۆژەی ڕووناکی کە بریتییە لە دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ ھاووڵاتییان سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، حکوومەت دەیەوێت لە قۆناغی یەکەمدا پاڵپشتیی خەڵکی کەمدەرامەت بێت و نرخی کارەبا لەگەڵ باری دارایی ھاووڵاتییان بگونجێنێت.

پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ڕاگەیاندرا و تا کۆتایی ٢٠٢٦ ھەرێمی کوردستان بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری ڕووناک دەکرێتەوە، سوودەکانی بۆ ھاووڵاتییان نرخەکەی بە گوێرەی نرخی جیھانییە، ڕەچاوکردنی ھاووڵاتییانی کەم دەرامەت کە وایت ئەمپێر خەرج دەکەن، نەھێشتی دووکەڵ و ژاوەژاوی مووەلیدە و پاککردنەوەی ھەوای کوردستانە، کارەبا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دەگاتە ھاووڵاتییان، تێچووی زیاد بەکارھێنان کەم دەکاتەوە، ھەر بۆیە ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کە باشترین خزمەتگوزاری بە کەمترین تێچوو پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکات.
پڕۆژەی ڕووناکی لە ھەرێمی کوردستان کە لەسەر دەستپێشخەری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندرا، لە ماوەیەکی نزیکدا کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ تەواوی ھاووڵاتییان و ھاوبەشانی ھەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، ئێستا ئەو پڕۆژەیە لە پارێزگای ھەڵەبجە کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، لە سلێمانیش لەناو بازاڕ و ٩ گەڕەکی شارەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە، بەگوێرەی ئەو پلانەی کە دانراوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، لە ڕۆژانی داھاتوودا پڕۆژەکە لە پارێزگای دھۆکیش جێبەجێ دەکرێت.
ڕۆژ و شەو تیمەکانی پڕۆژەی ڕووناکی کۆچە و کۆڵانەکانی ھەرێمی کوردستان بەسەر دەکەنەوە و بەگوێرەی ئەو پلانەی دایاناوە گەڕەک و شوێنەکان دەست نیشان دەکەن و کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆیان دابین دەکەن.
پارێزگای ھەڵەبجە چوارەم پارێزگای ھەرێمی کوردستانە لە ژمارەیەک گەڕەکی شارەکە پڕۆژەی ڕووناکی جێبەجێ کراوە، پڕۆژەی ڕووناکی لە سلێمانییش لە بواری جێبەجێ کردندایە، لە قۆناغی سەرەتا لە بازاڕ و نۆ گەڕەکی شارەکە جێبەجێ کراوە، لە ماوەیەکی نزیکدا ژمارەیەک گەڕەکی دیکە ڕووناک دەکرێنەوە، پارێزگای ھەولێریش ھەر زوو پڕۆژەی ڕووناکی لە خۆ گرت، تا ئێستا لە ٢١ گەڕەک و بازاڕەکان لە بواری جێبەجێ کردندایە، زیاتر لە ٧٧ ھەزار و ٥٠٠ ھاوبەش لەناو پڕۆژەکەدانە و ٢٥٦ ھەزار ھاووڵاتییش سوودمەندن، تەنیا لە ھەولێر ٤٠٠ مووەلیدەی ئەھلی کوژێنراونەتەوە، پارێزگای دھۆکیش لە پڕۆژەکە بێبەش نەبووە، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا لە سێ گەڕەکی شارەکە جێبەجێ بکرێت، تەنیا لەو سێ گەڕەکەدا ١١ ھەزار ھاوبەشی کارەبا ھەیە و تا کۆتایی مانگ کارەباکەیان دەبێتە ٢٤ کاتژمێری، دواتر لە ژمارەیەک گەڕەکی دیکە جێبەجێ دەکرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: پڕۆژەی ڕووناکی نرخ لەسەر ھاووڵاتی گران ناکات، بەڵکو بەپێی بەکارھێنان پارە بۆ ھاووڵاتی دێتەوە و لە ھەمان کاتدا ژینگە خاوێن دەبێتەوە بەھۆی ئەوەی چەندین مووەلیدە لادەبرێن.
پارێزگاری ھەولێر، گوتیشی: سەرۆک وەزیران کاتێک بە پڕۆژەی ڕووناکی ڕازیبووە و پڕۆژەکە باسکراوە، بەو جۆرە ڕازی بووە، کە ئەرکی ھاووڵاتی قورس نەبێت.
لەلایەکی دیکەوە فارس میرخان، بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبای ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: دوای ئەوەی پڕۆژەی ڕووناکی لە ھەولێر بەسەرکەوتوویی دەستی پێکرد و دواتریش لە سلێمانی، ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکە لە ئیدارە سەربەخۆکانیش جێبەجێ بکرێت، چونکە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە پێویستە ئەو پڕۆژەیە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و ببێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری.
بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبای ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: ئەو نرخەی ئێستا ھەیە ئەزموونییە و ھێشتا نرخ دیاری نەکراوە و بەفەرمیی دیار نییە و پێویستە ئەنجومەنی وەزارەت کۆبوونەوەی لەسەر بکات و نرخێک دیاری بکرێت، بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بڕوات و ئەوکات پەسەند بکرێت و دەبێتە نرخی فەرمی، بۆیە ئەوەی ئێستا ھەیە ھیچ نرخێکی فەرمیی نییە و نرخێک دیاری دەکرێت لە بەرژوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێت.