حەمید قەڵادزەیی
لەكوێی تەنیایی مندای
هەرچی دەکەم،
دەستم ناگاتە دامێنی ڕوانینێكت
تا بەرچنەیەك لە ڕازی پەشمەكی،
لەسەر ڕەفەی، ئەو خەونە پاییزیە جێبهێڵم
نە بە دراوسێییەتی هاوین تەفرەدراوە و
نە ڕەشەبای زستانێكی شێت
گرێی دەسرازەی كردۆتەوە
لە ڕێڕەوەكانی تەنیاییمدا
شوێنێك نەماوە بۆنی بكەم
لەنێو هەڵمی شووشەكانی ڕوانیندا
لە كەلێنی نێوان دوو خەیاڵ و
ئەو واژانەی، هێشتا باڵیان نەگرتووە
بۆت دەگەڕێم
لە كوێی تەنیایی مندای
پیتەكانم سەرەو بنكرد
لە ئەلیفی ئازارەوە
هەتا ئەوسەی (یا)ی یادگار
لە (میم)ی مەرزی مەرگەکانەوە
سەرم بە ڕووخاندا کردووە و
(دال)ی دەرگاکانم پساندووە
لە ژێر خاڵی هەر پیتێكدا
خۆم بە ماڵی دەنگێكدا كرد
لە نێو هەموو دەنگەكاندا
تاڵ بە تاڵی ژێیەكانم پشكنی
دە پێم بڵێ،
لە کوێی تەنیایی مندای
خاتر جەمم
تۆ لە نێو تەنیایی مندا
دیارێکی نادیاریی و
نادیارێکی دیاری
تۆ، خەیاڵی بوونێکی بێ سێبەری
لە نێو تەنیایی مندا
ڕەنگی تەنیاییت پۆشیوە و
لە یەك كاتدا
منت بە تەنیایی خۆت سپاردو
خۆت لەنێو تەنیایی مندا
لە تەنیا تەنیاتر كردووە