دوێنێ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگار و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و عەمید ئارام برهان، بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەولێر و عەمیدخەسرۆ غازی، بەڕیوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا و ئارام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری شارەوانی یەک، سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە لە وردەکاری نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەی کۆڵییەوە، کە دوای سووتانی بازاڕەکە لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر بە گوژمەی ( پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار) دەست بە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تەواوی ڕووكاری ناوەوەی بازاڕەکە و كۆڵانە سەرەكی و كۆڵانە لاوەكییەكانی بەشێوە و شێوازێکی ئەندازەیی و بەپێی ستانداردی پاراستنی شوێنە كولتوورییەكانی کراوە.
پاشان پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ کەناڵەکان، ڕایگەیاند: “دەست خۆشی لە تیمی ئەندازەی پارێزگا و سەرۆکایەتی شارەوانی و سەرجەم لایەنەکان و سەرپەرشتیاران و بەڵێندەرانی پڕۆژەکە دەکەین بۆ ئەنجامدانی کارەکان بە رێک و پێکی و لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا.
گوتیشی: “لە دوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ساڵی ڕابردوو لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر، کە زیاتر لە 210 دوکان تێیدا سووتان، ئێستا نۆژەنکردنەوەی بەشە تازەکەی بازاڕەكە کۆتایی هاتووە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و کارکردنیش بۆ نۆژەنکردنەوەی بەشە کولتوورییەکەی بازاڕی قەیسەری بەردەوامە و وا بڕیارە پێش جەژنی ڕەمەزان دوکانەکان ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە کە ئەوان ژمارەیان 136 دووکانە و تا ئێستا 90%یان نۆژەن کراونەتەوە، بازاڕەکە بەتەواوەتی نۆژەن دەکرێتەوە و هەموو پێداویستییەکانی سەلامەتییشی بۆ دابین کراوە، لێرەوە پیرۆزبایی لە خاوەن دوکانەکان دەکەین ئەوانەی دوکانەکانیان ڕادەست کراوەتەوە و دەستیان بەکار و کەسابەتی خۆیان کردۆتەوە، ئەوانەشی کە ئامادەباشی دەکەن بۆ دەستکردنەوە بەکارەکانیان”.
پارێزگاری هەولێر هەروەها ڕایگەیاند: “سوپاس بۆ ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە هەر ڕۆژێک دوای کارەساتی سووتانی قەیسەری، سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کرد و لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی جەنابیان بە گوژمەی ( پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار) دەست بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری کرا، جگە لە چەند بریارێکی دیکە لە پێناو ئاسانکاری بۆ کاسبکاران بە لێخۆشبوونی کرێی ساڵێک و هەروەها لێخۆشبوونیان لە پارەی تابلۆ و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، وە لێخوشبوون لە سەدا 50ـی باجی ساڵێک و لە سەدا 100 ی ساڵێکی دیکە”.ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ هەموو ئەوانەش بە خەمڵاندنی زیانەکان لەمەراسیمێکدا دەست بە دابهشكردنی هاوكاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا بەسەر زیانلێکەوتوانی بازاڕەکە کە لە نێوان ( 2 تاکو 20 ملیۆن دینار ) بوو، هەر ئەو ڕۆژەش رامانگەیاند، کە گومانی ئەوە هەیە ئەوکارەساتە بەدەستی ئەنقەست ئەنجامدراوە، سوپاس بۆ خودای گەورە بەهەوڵی هێزەکانی ناوخۆ توانرا ئەنجامدەر و بکەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا بکرێت و دەستگیر بکرێن”.
ڕاشیگەیاند: “بازاڕەکە چەند جوان بووە، بە نۆژەنکردنەوەی دەچێتە قۆناغێکی دیکە و لە ئایندەدا زۆر جوانتر و ڕێکتر دەبێت، کە پێشتر دوو نهۆم بووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات نهۆمی دووەم نەماوە، ئێستا لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی ئەو نهۆمەش نۆژەنکراوەتەوە و لە داهاتوودا بۆ بابەتی مێژووی و کلتووری و فەرهەنگی سوودی زۆری لێدەبێنرێت”. جێگەی بەبیرهێنانەوەیە، دوای ئەوەی لە شەوی 2024.5.5، دەستکی ڕەش و ناحەزانی ئاوەدانی و ئارامی هەولێری پایتەخت، بۆ شێواندنی ئابووری و بازاڕی شاری ههولێر ئاگرێکی گەورەیان لە بازاڕی قەیسەر بەردا، لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان بڕیاری هاوکاریکردن و یارمەتیدانی دواکاندارانی بازاڕەکە درا، وێڕای نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە بە گۆژمەی ( 5 ملیار و 300 ملیۆن دینار ) لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، لە 2024.9.8، دەست بە دابهشكردنی هاوكاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا بەسەر زیانلێکەوتوانی بازاڕەکە کە لە نێوان ( 2 تاکو 20 ملیۆن دینار ) بوو، ئەوە جگە لە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ ماوەی یەك ساڵ لە پارەی ئاو و كارەبا و تابلۆ و خاشاك، هەروەها بەخشینیان لە باجی 2023 بە رێژەی 50% و لە باجی 2024 یش بە رێژەی 100% و لێخۆشبوونی یەک ساڵ لە کرێی ساڵانەی ئەو دۆکاندارانەی کە کرێچی حکوومەتن.