بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و پارێزگاری هەولێر لەگەڵ کونسڵ و نێردەی وڵاتان، سه‌ردانى نێو بازاڕیان کرد

 

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەت و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ کونسڵ و نێردەی دبلۆماسی وڵاتان لە هەولێر، لە چوارچێوەى سەردانەکانى شەوانى ڕەمەزان و بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی شەوانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و کار و کەسابەتی کاسبکاران و ئەو ئاسایش و ئارامى و ئازادییەی لە هەولێری پایتەخت بەرقەرارە، سه‌ردانى نێو بازاڕ و قەوەخانەی مەچکۆیان کرد.

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ کونسڵ و نێردە وڵاتان لە هەولێر، خۆشحاڵ خۆیان به‌و ئارامى و ئاسایشى و ئازادییه‌ى له‌ پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان به‌رقه‌راره‌ نیشاندا و ئەوەشیان خستەڕوو كە ئاسایش و ئارامى و ئازادی و خوشگوزەرانیی گەلی كوردستان بایەخی تایبەتی هەیە بۆ ئەوان و بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.