KG Lobby Center لە پانێڵێکدا جینۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی کوردی خستەڕوو

لە زانکۆی ستیرلینک ی سکۆتلاندا کۆنفرانسێک ڕێکخرا لەسەر ئاستەنگەکان و داهاتووی نەتەوە ڕەسەنەکان و پێکهاتەکان و پاراستنی مافەکانیان بە بەشداری کەی جی لۆبی سەنتەر بە سەرپەرشتی خاتوو ئاورنگ شاوەیس و بە بەشداری ٢٠ زانکۆی ئەوروپی، ئەمریکی و ئەفریقی و ئاسیا کە بەشدار بوون لە دیبەیت و ڕوونکردنەوەی هۆکارەکان و حکوومەتەکان و دامودەزگاکان .

ئاورنگ شاوەیس سەرۆکی KG Lobby Center بەشدار بوو لە پانێڵی ” مافی میلەتە ڕەسەنەکان و مافی چارەی خۆ نووسین و سەربەخۆیی” لە پانێلەکەدا باسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤمان کرد کە دەرهەق بە خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدرێت تیشک خرایە سەر جینۆسایدی جۆراوجۆر لە دژی کورد و بەداخەوە نەبوونی پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوتوێ کرا.
تیشک خرایە سەر یاساکانی نێودەوڵەتی لەسەر پشتگیری کورد کە نەتەوەی ڕەسەنی کوردستانە و تا ئێستا ئێمەی کورد سودمەند نەبووین لە یاسا جیاوازەکاندا کە نەتەوە یەکگرتووەکان دایانناوە لەسەر پاراستن و پشتگیری کردنی نەتەوە ڕەسەنەکانی جیھان. هەروەها کاتێک کە کورد لە ٢٠١٧ ڕیفراندۆمی کرد و ٩٢،٧% کورد داوای سەربەخۆیی کرد، ئەوکات دیسان کورد تەنها بوو لە کاتێکدا پرۆسەکە بە دیموکراتییانە کرا و بەپێی ئەو یاسایانەی کە دانراون بۆ پشتگیری نەتەوە ڕەسەنەکان دەبوایە پشتگیری کورد بکرایە.
داواکاریمان، دروستکردنی میکانیزمێک کە یاساکان تەنها نووسراو نەبێت بەڵکو بکرێتە کارەوە و هەموو نەتەوە ڕەسەنەکان، و کورد یش سودمەند بێت لێی.
بڕیارە ڕاگەیەندراوێک بنێردرێت بۆ حکوومەتی عێراق لە لایەن CNS (کۆنگرەی نەتەوە و دەوڵەتەکان) بۆ داواکردن لە حکوومەتی عێراق ڕێز لە مافەکانی کورد کە نەتەوەی ڕەسەنی ناوچەکەیە بگرێت و بەپێی ڕاسپاردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر یاسای مافی نەتەوە ڕەسەنەکان کە لە 2007 دانرا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بۆ پاراستنی مافەکانی خەڵکی ڕەسەن دانراوە و عێراقیش پێی ئاشنایە.