هەولێر، هەرێمی کوردستان—لە درێژەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی، وەزارەتی کارەبا هەڵدەستێت بەدابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ چوار گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر کە بریتین لە گەڕەکەکانی (زانیاری، تەعجیل، عەرەبان و منارە) کە نزیکەی 12 هەزار هاوبەشی لەخۆگرتووە.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە پێشتر کۆمەڵێک گەڕەک سوومەند ببوون کە بریتین لە (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، ڕزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ڕاستی، نیشتیمان، ڕاپەڕین، نەورۆز و ماردین) لە هەولێر و (ئیبراهیم پاشا، سابونکەران، دارۆغا، حاجی حان، جادەی ئۆرزی، سەلیم بەگ و خانەقا) لە سلێمانی. بەمشێوەیەش بەکۆی گشتی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا 22 گەڕەک و نزیکەی 90 هەزار هاوبەش هاوبەش و زیاتر لە 300 هەزار هاوڵاتی لەم پڕۆژەیە سوودمەند بوونە. هەروەها لە ماوەیەکی نزیکیشدا، یەکەمین گەڕەکی پارێزگای دهۆکیش کارەباکەی دەبێتە 24 کاتژمێری.
بۆ زانیاری زیاتر، هاوڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی ڕووناکی لەڕێگای ژمارە 1992.