ئێوارەی ئەمرۆ چوارشەممە رێکەوتی 5.3.2025 بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و مافناس و رێکخراوەکان،لە ساڵیادی راپەرینی شکۆداری گەلانی کوردستان، رێکخراوی پەیمانگای مافە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوی کۆمەڵگا و یاسا مەراسیمێکیان رێکخست بەمەبەستی رێزلێنان لە محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیارانی کەرکوک لە سەرگەران، ناوبراو بەرگری زۆری بۆ چارەسەر کردنی کێشەی جووتیارانی کورد کردووە تاوەکو مافیان پێشێل نەکرێ و بتوانن زەوییەکانیان بکێڵن.
پارێزگاری هەولێر لە وتەیەکدا وێرای پیرۆزکردنی ساڵیادی راپەڕین، بەناوی حکومەتی هەرێم و پارێزگای هەولێرەوە ستایشی ئازایەتی و جورئەتی کوردپەروەرانەی نوێنەری جوتیارانی کەرکوکی کرد، کە بۆ هێزو جەبەرووتی داگیرکەران خۆی نەچەماند، هاوکات دووپاتیکردەوە، کەوا هەتا ئەمرۆکەش بە عەقلیەتێکی شۆڤێنزمانە مامەلە لەگەڵ خاوەن ماف دەکرێ، جوتیارانی کورد لە زێدی باب و باپیرانیان لەکاتی کێڵانی زەوییەکانیان، لە سەرگەڕان لەلایەن سوپای عێراقەوە ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێ و بەو هۆیەوە زۆر جار گرژی دروستبووە، بەڵام خۆشبەختانە جوتیارانی کورد ئامادە نەبوونە سازش لەسەر یەک بست خاکی کوردستان بکەن و بە خوێن بەرگریان لە زێدری خۆیان کردووە…
شایەنی باسە محەممەد ئەمین، لەکاتی گرژییەکەی 17ـی شوباتدا بە ملپێچەکەی لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە لەسەر تراکتۆرەکەی راکێشرا، بەڵام ئامادە نەبوو بۆ دوژمنانی سەر دانەوێنێ، ئەوەش زۆرترین کاردانەوەی لێکەوتەوە …