دەزگای خێرخوازیی بارزانی پرۆژه‌ی ‘ئازیزانی كوردستان’ـی ڕاگەیاند

دەزگای خێرخوازیی بارزانی پرۆژه‌ی “ئازیزانی كوردستان”ـی ڕاگەیاند کە لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر لە سێ هەزار منداڵ و لە قۆناغی دووەمیشدا، زیاتر لە 11 هەزار منداڵ لێی سوودمەند دەبن. 

سێشەممە،  04-03-2025، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە بۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، پرۆژه‌ی “ئازیزانی كوردستان”ـی بە پاڵپشتیی خاوه‌ن كۆمپانیا، كه‌سایه‌تی و خێرۆمه‌ندانی كوردستان، ڕاگەیاند.

مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەدا، بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن و 361 هەزار دۆلار هاوکاریی دارایی، بەسەر سێ هەزار و 562 منداڵی ئازیزی بێ دایک و باوک دابەش دەکرێت.”

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد “هەموو هەوڵێک دەدەین تاوەکوو پێش جەژنی ڕەمەزان، بە هاوکاریی مانگی سووری ئیماراتی، قۆناغی دووەمی ئەم پرۆژەیە دەست پێ بکەین. لەو قۆناغەیەدا، بڕی هاوکارییەکە زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلار دەبێت و زیاتر لە 11 هەزار منداڵ لێی سوودمەند دەبن.”

مووسا ئەحمەد، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد “هەفتەی داهاتوو، پرۆژەی پاکێجی خۆراک ڕادەگەیەنین کە زیاتر لە 15 هەزار خێزان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، لێی سوودمەند دەبن.”