وەزیری دارایی لەگەڵ نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست کۆبووەوە.

 

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥، بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە نوێنەرانی بەشێک لە فەرمانبەرانی گرێبەستی دامەزراوی پەرەپێدان کە لە وەزارەتی تەندروستی دەوام دەکەن و مووچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە. لە دیدارێکدا وەزیری دارایی گوێبیستی داواکاریەکانیان بوو، وەک هەمیشە پشتیوانی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند لەگفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق داوای زیادکردنی میلاک و تەرخانی داراییان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست کردووە و چاوەڕوانن لەداهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەو بابەتانە بگەن بە چارەسەرێکی گونجاو. سەبارەت بە گۆڕینی ناونیشانی ئەو فەرمانبەرانە لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی ، بەڕێز ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند وەک وەزارەتی دارایی ڕەزامەندین لەسەر گۆڕینی ناونیشانەکانیان لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی.