جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کەرکووک هەمیشە ڕووبەڕووی سیاسەتی تەعریب و گۆڕینی دیموگرافی بووەتەوە، بۆ سڕینەوەی کاریگەریی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانش ئەرکی هەموو لایەکە بۆ ئەوەی ماف بۆ خاوەن مافەکان بگەڕێنینەوە.
ئەمڕۆ شەممە 22ـی شوباتی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە گوتارەێکدا لە کۆنفرانسی زانستی ئێستا و ئاییندەی کەرکووک کە زانکۆی سۆران ڕێکی خستووبوو ڕایگەیاند، کەرکووک بەهۆی دەوڵەمەندی بە سەرچاوە ڕۆشنبیری و کانزایی و سروشتییەکانی، هەمیشە جێی ململانێ وڵاتە زلهێزەکان بووە، هاوکات بەهۆی ئەو پێگەیەی هەیەتی، هەمیشە ڕووبەڕووی سیاسەتی تەعریب و گۆڕینی دیموگرافی بووەتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد، سڕینەوەی کاریگەریی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکان ئەرکی هەموو لایەکە بۆ ئەوەی دۆخی ئەو ناوچانە بگەڕێنینەوە بۆ شوێنی خۆی و ماف بۆ خاوەن مافەکان بگەڕێنینەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئامژەشیدا، دوای 6 مانگ لە دەستبەرکاربونم لە پەرلەمانی عێراق، توانیمان لێژنەی ماددەی 140 کارا بکەینەوە، بەمەش دەتەوانین ئاسەواری ڕژێمی بەعسی لە ناوچوو و هەوڵەکانی ئەو ڕژێمانە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیایی ئەو ناوچانە هەرڵوەشێنینەوە، هاوکات لەوبارەیەوە سەرکەوتووبووین لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس لە پەرلەمانی عێراق.
هەروەها گوتیشی: لە سەردانەکەمدا بۆ ئەمەریکا کە ئەمڕۆ بەیانییەکەی گەڕامەوە، لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئاینەکان، یەکێک لەو دۆسیانەی باسمان لێی کرد، پرسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوو، زانیمان کە ئەوان زۆر بە گرنگییەوە دەڕواننە ئەو ناوچەیە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند، ڕەنگە ئیدارەی نوێ ئەمەریکا چەند بریارێکی نوێی سیاسیی و ئابووری لەبارەی عێراق و ئەمەریکا دەربکات، کە تاوەکوو ئێستا چەندین جار لەگەڵ حکوومەتی عێراق باسی لێوە کراوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەشی دا، ئەوەندەی خەڵکی دەرەوەی عێراق بە گرنگییەوە لە چارەکردنی کێشەکانی کەرکووک دەڕوانن، ئەوەندە لەنێوخۆی عێراقەوە بە گرنگییەوە لێی ناڕوانرێت