سەرۆک بارزانی لەبارەی دیمەنی ئازاردان و ڕەفتاری نابەجێی ڕێگریكردن لە جووتیارانی كورد پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاندووە: “بە هەموو هێزێك پشتیوانی لە خۆڕاگریی و ماف و داواكانی جووتیارانی کورد دەكەین.”
لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی هاتووە: “دیمەنی ئازاردانی جووتیارانی كورد و ڕەفتاری نابەجێی ڕێگریكردن لە جووتیارانی كورد كە بچنەوە سەر زەوییەكانیان، دیمەنی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە سەددەی پێشوو بەبیر دەهێنێتەوە، ئەمە ڕەفتارێكی شۆڤینیانە و بێویژدانانە و تاوانە لەدژی جووتیارە بێتاوانەكانی كورد لە پارێزگای كەركووك دەكرێت كە تەنیا تاوانیان ئەوەیە كوردن و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەكانیانن.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “لێرەدا داوا لە بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵمە بكرێت و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیر بكرێن و سزا یاسایی خۆیان وەربگرن، دەستخۆشیش لەو كوردە قارەمانانە دەكەم كە لەبەرانبەر ئەو ستەم و دەستدرێژییە خۆڕاگر بوونە و با باش بزانن كە ئەوان تەنیا و بێ پشت و پەنا نین و بە هەموو هێزێك پشتیوانی لە خۆڕاگری و ماف و داواكانیان دەكەین