ڕائیب جادر – هەولێر
لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەردا لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە وەجبەی دووەم ٢٤٠ ھەزار فەرمانبەر زەوی وەردەگرن، تەنیا ئەم ھەفتەیە لە ئیدارەی سۆران ١٥ ھەزار فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.
ڕۆژی ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی ھاووڵاتییانی کوردستان دا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان.
بەپێی ھەواڵێکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەست پێدەکات. مامەڵەی وەرگرتنی وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بۆ ٢٧ وەزارەت و فەرمانگە تەواو بووە، کە تێیدا ٢٤٠ ھەزار و ١١١ فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.
ڕەزامەندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ٧٣ ھەزار کارمەند و فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە، بۆ پێدانی زەوی دەرچووە، پێشمەرگە، پۆلیس، زێرەڤانی و فەرمانبەرانی ناوخۆ لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، وەزارەتی شارەوانی ناوی ئەو پێشمەرگە و فەرمانبەرانە دەداتە شارەوانییەکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆ وەرگرتنی زەوی، بەپێی شوێنی نیشتەجێ بوون و کارتی زانیاری لیستەکان بۆ شارەوانییەکان ڕەوانە دەکرێن، بۆ ئەوەی زەوییان بۆ تەرخان بکرێت.
زیاتر لە ١٥ ھەزار فەرمانبەر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پارچە زەوییەکی ٢٠٠ مەتری وەردەگرن، زەوییەکانیش لە قەزاکانی ناوەندی سۆران، خەلیفان، ڕواندز و چۆمان دیاری کراون. سەربەست مەولود، بەرپرسی بەشی یاسای لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕاگەیاند، ناوی ١٥ ھەزار فەرمانبەری ئیدارەی سۆران لەنێو ئەو ٢٤٠ ھەزار فەرمانبەرەدایە کە کە لە وەجبەی دووەم زەوی وەردەگرن.
بەرپرسی بەشی یاسای لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتیشی: ھەر ئەم ھەفتەیە ناوی ئەو فەرمانبەرانەی کە پارچە زەوی وەردەگرن، دەگەڕێنەوە و دەبنە خاوەن پارچە زەوییەکی ٢٠٠ مەتری.
ھەر فەرمانبەرێک کە ھەشت ساڵ خزمەتی ھەبێت، ھەروەھا ھەر خانەنشینێک لە کاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت زەوییەکی ٢٠٠ مەتری پێ دەدرێت. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێم، ئاشکرای کرد: پڕۆژەی دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە، ھەر وەزارەتێک لیستی ناوەکانی ئامادە بێت، دوای ئەوەی کە لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت، زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتەدا دابەشدەکرێت.