ئەحمەد شەرع بە گوێرەی پرتۆکۆلە کۆمارییەکەی تورکیا پێشوازی لێ نەكرا

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

ئەحمەد شەرع، سەركۆماری سووریا، بە فەرمی سەردانی ئەنكەرای كرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا كۆ بووەوە، بەڵام بەگوێرەی پرتۆکۆلە کۆمارییەکەی تورکیا پێشوازی لێ نەكرا، ئەمەش دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بەگوێرەی یاسای پرتۆکۆلی كۆماریی توركیا، سەرۆكی هەر وڵاتێك سەردانی توركیا بكات و سەردانەكە فەرمی بێت، دەبێت بەڕێوڕەسمی تایبەت پێشوازی لێبكرێت، واتە پێشوازیكردنەكە بەجۆرێكە كە لە پرتۆکۆلدا ئاماژەی بۆ كراوە، وەكوو چۆن پێشتر سەرۆكی هەر وڵاتێك سەردانی توركیای كردبێت، ئەردۆغان بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش پێشوازی لێ كردووە، دەبوایە بۆ شەرعیش وابێت، چونكە سەركۆماری سووریایە، بەڵام ئەردۆغان ئەوەی نەكرد.
ئاژانسی (BBC)، لە راپۆرتێكدا باسی لەو سەردانەی شەرع كردووە و پرسە گرنگەكانی نێوان توركیا و سووریای ئاشكرا كردووە، بەڵام باس لەوەش دەكات، كە شەرع بە گوێرەی پرتۆکۆلی كۆماری، پێشوازی لێ نەكراوە و هۆكارەكەش تاوەكوو ئێستا ئاشكرا نەكراوە.
لە سەردانەكەیدا بۆ توركیا، شەرع و ئەردۆغان باسیان لە زۆر پرسی گرنگ كرد، دیارترینیان ئایندەی سووریا بوو، كە هەردوكیان كۆك بوون لەسەر ئەوەی یەكچارچەیی خاكی سووریا بپارێزن و ئەردۆغان ئاماژەی دا، ئەوان وەكوو توركیا ئامادەن هاوكاری سووریا بكەن، بۆ لێدان لە گروپی تیرۆرستی داعش و پەكەكە، سوپاسی شەرعیشی كرد، كە بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە رووبەرووی تیرۆر بووەتەوە.
ئەردۆغان، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا لەگەڵ شەرع، ئامادەیی توركیای دەربڕی بۆ هەر هاوكارییەكی مرۆیی بە سووریا، هەروەها لە بنیادنانی سووریاش دەستێكی باڵایان دەبێت و هاوكاریان دەبن.
شەرعیش، توركیای بە وڵاتێكی ستراتیژی بۆ سووریا وەسف كرد، ئاماژەی دا كە لەڕووی مرۆیی و ئابووریی و كلتوورییەوە بەیەكەوە كار دەكەن. شەرع، دوای ئەوەی بووە سەرۆكی كاتی سووریا، یەكەم سەردانی بۆ سعوودیا بوو، دووەم وڵاتیش توركیای هەڵبژارد، هەروەها لەگەڵ ئەردۆغاندا رێككەوتن كە بنكەیەكی سەربازی توركیا لە سووریا دروست بكرێت، ئەمەش بۆ هاوكاریی سووریا و ئاساییشی ئەو وڵاتە. ئامانجە سەرەكییەکەی توركیا ئەوەیە، حكوومەتەكەی ئەحمەد شەرع، لە ماوەی چوار ساڵدا بتوانێت كۆتایی بە یەپەگە بهێنێت، بەڵام ئایا ئەوەی پێ دەكرێت؟
شەرع، دوای ئەوەی بووە سەركۆماریی سووریا، دەڵێت چوار بۆ پێنج ساڵمان پێویستە تا دامەزراوەكانی سووریا وەكوو خۆی لێ بكەینەوە، ئەوكات دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە. ستراتیژییەتی توركیا بۆ سووریا ئەوەیە، دەستێكی باڵای هەبێت لە بنیادنانەوەی سووریادا، هەروەها یەپەگە لە داهاتووی سووریادا هیچ گرنگی و رۆڵێكی نەبێت. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، یەپەگە هێزێك نییە بەئاسانی لەناو ببرێت، چونكە ئەو هێزە راهێنراوە و هەروەها چەكی قورسی هەیە و بەهەموو پێوەرێك لە هێزی تەحریر شام زۆر بەهێزترە.
ئەگەربێتو شەرع و ئەردۆغان، رێككەوتنی نهێنیان كردبێت بۆ پەلاماردانی یەپەگە، ئەوكات سووریا دەچێتە ناو شەڕە ناوخۆییەکی دی و رەنگە دەرگا بۆ ئاوارەبوونی ملیۆنان كەسی تر بكرێتەوە.
ئیدارەی ترامپ لە ئەمریكا، رۆڵی كاریگەر دەبینێت لەوەی، یەپەگە لە داهاتووی سووریادا رۆڵی دەبێت یان نا، چونكە ئەگەر ئەمریكا هێزەكانی خۆی لە سووریا بكشێنێتەوە، ئەوكات لێدان لە یەپەگە دەبێت بەكردار، بەڵام ئەگەر بۆچوونی ئەمریكا بەردەوامیدانی هاوپەیمانی بێت لەگەڵ یەپەگە، ئەوكات ئەستەمە بتوانرێت یەپەگە لەناو ببرێت.
ئاژانسی (BBC) بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەر ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان بكشێتەوە، دوو مەرجی بۆ توركیا و سووریا داناوە، یەكەمیان ئەوەیە نابێت رووبەڕووبوونەوەی داعش فەرامۆش بكرێت، هەروەها خانەوادەی داعشییەكان كە ئێستا لە كەمپەكان و گرتووخانەكاندان هەر وەكوو خۆی بمێنێتەوە و ئازاد نەكرێن. مەرجی دووەمیش ئەوەیە، نابێت بەهیچ شێوەیەك توركیا و سووریا، هێرش بۆ سەر یەپەگە دەستپێبكەن و بیكەنە ئامانج.
هاكان فیدان، بە ئاشكرا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، دەمانەوێت بەبێ رژانی خوێن كێشەی یەپەگە لە سووریا چارەسەر بكەین، واتە دەیەوێت لەگەڵ یەپەگە بگەنە رێككەوتن. دانیشتنی شام و یەپەگە دەستی پێكردووە، بەڵام تاوەكوو ئێستا روون نییە، ئەوان دەگەنە رێككەوتن یان نا؟ ئایا توركیا بەرنامەی چییە بۆ ئایندەی یەپەگە لە سووریا؟ دیەوێت بەیەكجاری كۆتایییان پێ بهێنێت، یان ببنە باڵێكی مەدەنی و بەشدار بن لە حكوومەت و پەرلەمانی سووریادا؟