رۆژئاوا بەرامبەر بە غەززە

كارزان گلی – هه‌ولێر

هەڵوێستی دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، تاوەكوو ئێستا روون نییە بەرامبەر بە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام بەئاشكرا داوا دەكات كە كەرتی غەززە چۆڵ بكرێت و هاووڵاتیانی ئەو شارە بچنە ئوردن و میسر، كەواتە ستراتیژی ترامپ بۆ غەززە روونە، بەڵام بۆ رۆژئاوا تاوەكوو ئێستا هەر لە چوارچێوەی پیشبینییەكانی شرۆڤەكارانە.

توركیا، چاوەڕێیە دۆناڵد ترامپ، بڕیار لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی بدات لە رۆژئاوای كوردستان، بەمەش رێگەی بۆ خۆش دەكرێت تا لە رێگەی سوپای میللی سووریاوە، كە خۆی پاڵپشتیان دەكات پەلاماری رۆژئاوا بدات، بەڵام ئایا بە پەلاماردانی رۆژئاوا، سووریا دەچێتەوە ناو شەڕە خوێناوییەکی دیکەوە و رەوشی ناوخۆ تێك دەچێتەوە؟
ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و لێكۆڵەری سیاسی، پێی وایە ئەمریكا كەوتووەتە ناو مامەڵەیەكی زۆر خراپ لەبارەی رۆژئاوا و غەززە، ئەویش ئەوەیە كە غەززەم بدەنێ و منیش رۆژئاواتان دەدەمێ.
تان، لە پەیامێكدا روونی دەكاتەوە، ستراتیژییەتی ئەمریكا بەرامبەر بە رۆژئاوا باش نییە، چونكە ترامپ بەئاشكرا دەڵێت غەززە چۆڵ كەن، روونیشە وڵاتانی ئیسلامی قبوڵیان نییە، بەمەش دەكەوێتە مامەڵە لەگەڵیاندا.
ئەو دەڵێت: ”ئێمە كە دەڵێین وڵاتانی ئیسلامی قبوڵیان نییە، ئەو وڵاتانە هەموویان لەژێر كۆنترۆڵی ئەمریكان، نموونە میسر و سعوودیا و ئیمارات، واتە ئەگەر تڕامپ بیەوێت غەززە چۆڵ كات، ئەو وڵاتانە ناتوانن ببنە رێگر، ئەوەی دەمێنێتەوە توركیایە، لەگەڵ توركیاش ئەو پلانەی داناوە، كە بە مەرجێك لە رۆژئاوا دەكشێتەوە، لە بەرامبەردا توركیا، هەر هیچ نەبێت بێدەنگ بێت لە چۆڵكردنی كەرتی غەززە.“
ئەمریكا تا دێت هێزەكانی لە رۆژئاوای كوردستان زیاد دەكات، چەند سیناتۆرێكی ئەمریكیش دەڵێن، كورد هاوپەیمانیی سەرەكی ئەمریكایە و پشتیان تێ ناكەین، بەڵام چەند ساڵێك بەر لە ئێستا لە عەفرینیش هەر ئەو لێدوانەیان دەدا، كەچی پشتیان لە كورد كرد و عەفرین داگیر كرا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاو كراوەتەوە، لە ١٥ی ئەم مانگەدا، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و لەوێدا داوا لە پەكەكە دەكات چەك دابنێت، بەڵام وەكوو ئەوەی حەسەن بیلدریجی، سیاسەتوانی باكوور باسی دەكات، ئۆجەلان بەبێ مەرج ئەو داوایە ناكات و ئەوەندە نەزان نییە.
بیلدریجی، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەنووسێت: ”رەنگە ئۆجەلان لە بەرامبەر ئەوەی توركیا چاوپۆشی لە رۆژئاوا بكات، ئەویش داوا لە پەكەكە بكات چەك فڕێ بدات، واتە پەكەكە دەچێتە رۆژئاوای كوردستان و لەوێ كیانێك، یان فیدراڵی بۆ كورد مسۆگەر دەكرێت.“
لەم كاتەدا، شەڕكردن دژی یەپەگە كارێكی خراپە بۆ توركیا و حكوومەتی سووریای نوێ، چونكە بە هەموو پێوەرێك، سوپای تەحریر شام، لە ڕووی سەربازییەوە لە یەپەگە بەهێزتر نییە تا پەلاماری بدات، ئەگەر توركیاش هاوكاری بكات، ئەوكات سووریا دەچێتە ناو شەڕێكی ناوخۆ و ئەمەش لە بەرژەوەندیی سووریای تازەدا نابێت، چونكە دەرگا دەكرێتەوە تا ملیۆنان كەسی تر ئاوارە بێت، بەمەش هەوڵی بنیادنانەوەی سووریا شكست دەهێنێت.
ئاڵتان تان، داوا لە توركیا دەكات، بەهیچ شێوەیەك نەچێتە ناو ئەو مامەڵەیەی ترامپ دەیەوێت لەبارەی غەززە و رۆژئاواوە بیكات، چونكە ئەمە هەڵەیەكی گەورەی مێژوویی دەبێت بۆ توركیا، بەڵكوو دەبێت توركیا، رێگەخۆشكەر بێت تا كورد لە رۆژئاوای كوردستان ببێتە خاوەن ستاتۆی خۆی.