ئەندازیار ڕزگار دۆڵەمەری، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر: ساڵی ڕابردوو بەگوژمەی دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینار پرۆژەی ڕێگاوبان لە سنوورەکە جێبەجێ کراون

بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، دەڵێت: ساڵی ڕابردوو بەگوژمەی دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ڕێگەوبانەکان چاککراون. دەشڵێ بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە سەردانی سنوورەکەی کرد، بۆ ئەوەی ھەر کێشەیەک لە ڕێگەوبانەکان ھەبێت چاک بکرێت.

ئەندازیار ڕزگار دۆڵەمەری، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: د. ئاگرین عەبدوڵڵا و بەرپرسانی دیکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردن سەردانی قەزای مێرگەسۆریان کرد، سەردانەکە ھەم بۆ پیرۆزبایی کردن بوو کە فەرمانگەکەمان بووەتە بەڕێوەبەرایەتی، ھەمیش سەردانی ڕێگەی گەلی ئەشکەوتەی کرد، ئەگەر ھیچ کێشە و گرفتێک ھەبێت بۆ ئەوەی چاک بکرێت و بەرنامەیەکی باشتریش دابنرێت بۆ ئەوەی ڕێگەگە بەشێوەیەکی جوانتر و باشتر چاک بکرێت.
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، گوتیشی: بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن زۆر تەئکیدی لەوەکردەوە کە دەرخستەیەکی نوێ بۆ ڕێگەی سۆران -مێرگەسۆر ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین ئەمساڵ ڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەت وەربگرین و ڕێگەکە نۆژەن بکەینەوە، چونکە ڕێگەکە زۆر تێکچووە و بەردەوام شۆفێران و ھاووڵاتییان گلەیان ھەیە.
ئەندازیار ڕزگار دۆڵەمەری، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، زیاتر گوتی: ساڵی ڕابردوو بەگوژمەی دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینار پڕۆژە لە بواری ڕێگەوبان لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە سنوورەکە جێبەجێ کراون، ڕێگەوبانەکانیش ڕێگەی گوندەکان و ڕێگەی سەرەکی بوونە، ھەروەھا لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش کۆمەڵێک پڕۆژە لە بواری ڕێگەوبان لە سنوورەکە جێبەجێ کراون.