ڕائیب جادر – هەولێر
پێویست بوو حکوومەتی عێراق ساڵی ڕابردوو شازدە ترلیۆن و چوار سەد و نەوەد و حەوت ملیار دیناری بۆ ھەرێمی کوردستانی ناردبایە، کەچی ١٠ ترلیۆن و ٧٣٨ ملیار دیناری ناردووە. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ڕازی نابین ئەو دۆخە ھەروا بەردەوام بێت و پێداگری دەکەین مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، ھاوشێوەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق خەرج بکرێت.
تا ئێستا حکوومەتی عێراق پابەندی جێبەجێکردنی ئەو ماددانەی یاسای بودجە نەبووە کە تایبەتن بە ھەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی ڕێککەوتنەکان بووە. بەگوتەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و شارەزایانی بواری ئابووری، حکوومەتی ناوەند لە جیاتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە بەردەوام بەرانبەر ھەرێمی کوردستان بەدوای بیانۆی جیاوازدا دەگەرێت و پابەندی ئەو ڕێککەتنە نابێت کە پێشتر لە نێوان ھەر دوو حکوومەت ئیمزا کراوە.
وا مانگی یەک تەواو دەبێت کەچی ھێشتا بەغدا مووچەی مانگی دوازدەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی ڕەوانە نەکردووە، بەگوتەی ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەوەی پێویست بووە و داوا کراوە ھەولێر کردوویەتی، بودجە بووەتە یاسا و پێویستە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆیە پێداگری دەکەین لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کراوە لە ٢٥ی ئاداری ڕابردووەوە دۆسیەی نەوتی ڕادەستی بەغدا کردووە و ھەموو پابەندییەکانی سەرخۆی جێبەجێ کردووە لە بەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵ بەھانە بۆ پابەندییەکانی خۆی دێنێتەوە و پابەند نییە بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان کە لە چوارچێوەی یاسای بودجە و ڕێککەوتنی نێوان ھەردوولا جێگیر کراوە.
ساڵی ٢٠٠٥ کاتێک گەلی کوردستان بە گوڕ و تینەوە چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بە بەڵی دەنگیان بە دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا، ئەو دەنگدانەش بۆ ئەوەبوو کە ھەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستووری لە چوارچێوەی یاسابەرکارەکاندا ئەرک، ماف، شایستە دارایی و ئیدارییەکانی بەرجەستە بکرێت، بەڵام کاتێک قوت و مووچەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەکرێتە کارتێکی فشار بۆ ململانێی سیاسییەکان و دروستکردنی مەترسی لەبەردەم قەوارەی ھەرێمی کوردستاندا، ئەو ساتە تەمومژانە بیردێنێتەوە کە دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراق بە ئەنفال، کیمیاباران، کوشتن و بڕین دەرھەق بە گەلەکەمان ئەنجامیاندا، دەستخستنە سەر قوتی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ئەنفالی ئابوورییە کە بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەکرێت. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ھەمیشە ویستوویەتی کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە ئاشتییانە و لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارە بکات، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی ھەمیشە خۆی لە چارەکردنی کێشەکان دزیوەتەوە.
شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە شازدە ترلیۆن و چوار سەد و نەوەد و حەوت ملیار و ھەشت سەد و حەفتا و یەک ملیۆن و ھەشتا و نۆ ھەزار دینارە و پێویستە حکوومەتی عێراق لە کاتی خۆیدا ڕەوانە بکات. نەوزاد سەربەست، شارەزای بواری ئابووری، ڕایگەیاند: دوای وردبینی لە داھات و خەرجییەکان، پابەندییەکانی حکوومەتی ھەرێم و سەردانی لیژنەکان بۆ بەغدا و پێدانی ھەر شتێک کە ئەوان داوا بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ھێشتا حکوومەتی عێراق بەدوای بیانۆی دیکەدا دەگەڕێت، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە گفتوگۆ و دانوستاندن بۆ ئەوەی کێشەکان چارە بکات.
ئاشکراشی کرد: ھەرێمی کوردستان دوای ئەوەی چەندین شاندی بۆ بەغدا ناردووە، بەڵام ئەوان دوای ھەر چارەیەک، کێشەیەکی نوێ دروست دەکەنەوە، ئەمەش پەیوەستە بەو خواست و عەقڵییەتەی چاوی لە دووبارە بەناوەندکردنەوەی عێراق و سڕینەوەی ھەرێمی کوردستانە، لەو چوارچێوەیەشدا عەقڵییەتێکی کوردی ھەیە کە پشتیوانی لەو عەقڵییەتە عێراقییە دەکات.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ڕازی نابین ئەو دۆخە ھەروا بەردەوام بێت و پێداگری دەکەین مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، ھاوشێوەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق خەرج بکرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ پاساوێکی بۆ حکوومەتی عێراق نەھێشتووەتەوە و بە تەواوی پابەندی ڕێککەوتن بووە. ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی ھەرێم تەواوی ژمارە و داتاکانی خستوونەتە بەردەستی چاودێری دارایی عێراق، ئەمە لە کاتێکدایە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ئەرکی حکوومەتی عێراقە.
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک، نووسیویەتی، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، دەرکەوت تا کۆتایی مانگی ١٢ـی ٢٠٢٤، لە کۆی زیاتر لە ٨٩ ترلیۆن و ٧٤٣ ملیار و ٢٠٣ ملیۆن دینار بۆ مووچە لە عێراق، نزیکەی ١٠ ترلیۆن و ٧٣٨ ملیار و ٦٢٩ ملیۆن دینار، بۆ تەمویلی مووچەخۆرانی ھەرێم خەرج کراوە، کە دەکاتە ڕێژەی ١١.٩٦%ـی کۆی خەرجکراو بۆ مووچەی عێراق و ٦.٨٦%ـی کۆی خەرجکراوی فیعلی بودجە، کە نزیکەی ١٥٦ ترلیۆن و ٦١٠ ملیار دینار بووە، بەم پێیەش بڕی تەمویلکراو بۆ مووچەی ھەرێم لە ساڵی ٢٠٢٤ کەمترە لە کۆی تەرخانکراو بۆ مووچەی ھەرێم لە بودجەی ٢٠٢٤ کە بە ١١ ترلیۆن و ٥٧٦ ملیار و ٥٢١ ملیۆن ٢٣٥ ھەزار دینار خەمڵێنرا بوو، لە کۆی زیاتر لە ٩٥ ترلیۆن دینار تەرخانکراوی بودجە بۆ مووچەی ھەموو موچەخۆرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤.