سیاسەتمەداری ناوداری كوردستانی توركیا لەبارەی كۆبوونەوەكەی دوێنێی سەرۆك بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە هەولێر، رایگەیاند كە ئەمە داوای ملیۆنان كوردستان بوو.
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.
عوسمان بایدەمیر پەرلەمانتاری پێشوو و سیاسەتمەداری ناوداری كوردستانی توركیا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس لەبارەی كۆبوونەوەكە رایگەیاند “پیرۆز بێت.. ئەمە داواكاری ملیۆنان كوردستانی بوو.. ماڵتان هەزار جار ئاوا بێت”.
هەروەها رایگەیاند “هیوامان ئەوەیە ئەمە بەردەوام بێت و دەرگای خێر بكاتەوە”.
لە دیدارەكەی دوێنێی سەرۆك بارزانی و مەزڵووم عەبدی، بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.
جەخت لەوەش کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتییانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.