پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی یادی 26 ساڵەی دامەزراندنی کوردستان تیڤی

سەرۆك بارزانی بەبۆنەی 26 ساڵەی دامەزراندنییەوە، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی (كوردستان تیڤی) كرد و رایگەیاند، لەو یادەدا ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەی ئازیز هەیە، ببنە سەکۆی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی و ڕاستگۆیی لەناو میدیای کوردیدا”.

دەقی پەیامە پیرۆزباییەكەی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی 26 ساڵەی دامەزراندنی کوردستان تیڤی:-

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بۆ سەرپەرشتیاری گشتیی تۆڕی میدیایی کوردستان و بەڕێوەبەر و سەرجەم كارمەندانی كوردستان تیڤی

بەبۆنەی بیست و شەش ساڵەی كاركردنی كورستان تیڤی وەک یەكەم كەناڵی سەتەلایت لە كوردستان، پیرۆزبایی ئەو یادە مێژووییەتان لێ دەكەم. كوردستان تیڤی لەپێناو ئامانجێکی بەرز و ڕەوای نیشتیمانی و، لە هەلومەرجێكی پێویست و لە قۆناغێكی هەستیار بە هەوڵ و ماندووبوونی دڵسۆزان دامەزرا و بووە مینبەرێکی گرنگی گەیاندنی پەیامی خەڵكی كوردستان و هەروەها بوو بەشێک لەخەباتی نیشتیمانی و نەتەوەییمان.

لەو یادەدا ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەی ئازیز هەیە، ببنە سەکۆی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی و ڕاستگۆیی لەناو میدیای کوردیدا ئەویش بە سوودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای سەردەم و  تەکنیک و شێوازی تازەی کارکردن و پابەندبوون بە چوارچێوەکانی کاری پرۆفیشناڵیی میدیایی و هەروەها ڕەچاوکردنی بەها نیشتیمانی و نەتەوەییەکان.

دەستخۆشی لە ئەرک و ماندووبوونتان دەکەم و هەر سەرفراز و سەركەوتووبن.

مسعود بارزانی

17ی کانوونی دووەمی 2025