دادگای عێراق بڕیاری كۆتایی دا: گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت یاساییە

ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگای پێداچوونەی عێراق بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسییەی گرێبەستەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دا و جەختی كردەوە كە گرێبەستەكان یاسایین.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند “دوای چەندین دانیشتنی دادگا و تانەلێدانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە بڕیارەکانی دادگای کەرخ کە دوابەدوای بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دژ بە یاسای نەوت و غازی کوردستان دەرچووبوو، دادگای کەرخ دوای ماوەیەکی زور لە وردبینین لە بەرژەوەندیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاری هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی پێشووی خۆی دا”.

راشیگەیاند “هەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ دووبارە تانەی لە بڕیارەکان دا، بەڵام دادگای پێداچوونەوەی عێراق بڕیاری دایەوە بە پەسەندکردنی بڕیارەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ”.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەروەها رایگەیاند “بەمەش لە ڕووی یاساییەوە یەکلا بووەوە کە گرێبەستەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان کارایە و دروستە”.