بەڕێوەبەری کارگێڕیی چیای کۆڕەکی گەشتیاری: ڕۆژانی هەینی زیاتر لە ٤ هەزار گەشتیار سەردانمان دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەگەڵ بارینی بەفرێکی زۆر لە چیاکان و ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان، ھاووڵاتییان و گەشتیاران بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن، یەکێک لەو چیایانەی ھەرێمی کوردستان، کە ھەمیشە بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت، چیایی کۆڕەکی گەشتیارییە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە تەنیا لە ڕۆژانی پشوو زیاتر لە ٤ ھەزار گەشتیار ڕووی تێدەکەن. بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، دەڵێت: بەگوێرەی پلانی ٨ ساڵەی دەستەی گەشتوگوزار ساڵ بە ساڵ ژمارەی ھاتنی گەشتیاران زیاد دەکات.

لە ھەرێمی کوردستان ھاووڵاتییان و گەشتیاران لە سروشتێکی جوان و بەفراویدا کاتەکانیان بەسەردەبەن، سروشتە دڵڕفێنەکەی ھەرێمی کوردستان وایکردووە گەشتیاران لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق و ھەتا لە وڵاتانی دیکەوە سەردانی بکەن. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، دەڵێت: بارینی بەفر کاریگەری باشی ھەبووە لەسەر زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاران، ڕۆژانە بە ھەزاران گەشتیار ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنوورەکە دەکەن. دەشڵێ: ژمارەیەک پڕۆژەی نوێی گەشتیاری دروست دەکرێن، ئەوەش ھاندەرێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی لە داھاتوودا گەشتیاران زیاتر ڕوو لە ناوچەکە بکەن.
بەفر خۆشی بە گەشتیاران بەخشیوە و لە وەرزی زستاندا گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت، کە ئەو ناوچانە ھۆکار بوونە بۆ زیادبوونی گەشتیاری زستانە و وای کردووە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، ھەروەھا ھاندەرێک بووە بۆ برەودان بە کەرتی گەشتیاری.
کوردستان زۆر لە بنەماکانی گەشتیاری تێدایە و ھەر چوار وەرز خاوەن دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشە، ئەوەش وای کردووە کە ببێتە جێگەی تێڕوانیی گەشتیاران، دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری وا دەکات کە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی گەشتیاران زیاتر ببن، چەند ساڵێکە کەرتی گەشتیاری لە وەرزی زستاندا لە ھەرێمی کوردستان گەشەی کردووە، کە پێشتر تەنھا لە وەرزی ھاوین گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان دەکرد، بەڵام ئێستا لەگەڵ بارینی بەفر گەشتیاران ڕوو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن و کاتێکی خۆش لەو ناوچانە بەسەر دەبەن.
لەگەڵ بارینی بەفر ڕۆژانە بە ھەزاران گەشتیاری زستانەی شار و شارۆچکەکان و ناوچەکانی دەوروبەری ھەرێمی کوردستان و گەشتیارانی عەرەب و بیانی ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن و ڕۆژبەڕۆژیش ڕێژەکە ڕوو لە زیادبوونە، ھاتنی وەرزی زستان گەشتیارانی خوارووی عێراقی ناچار کردووە سەردانی سۆران و چیای کۆڕەک بکەن بۆ بەسەر بردنی کاتێکی خۆش.
لەڕێگەی تەلەفریکەوە گەشتیاران دەگوازرێنەوە سەرچیا و نێو بەفر، بە یارییەکانیان کەشە ساردەکەی سەر چیا گەرم دەکەنەوە، سنووری ئیدارەی سۆران ٣٠%ی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەموو عێراق و ٨٠% ی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای ھەولێر پێکدێنێت، ئەوەش وای کردووە کە حکوومەت و کەرتی تایبەت زیاتر گرنگی بە گەشتوگوزاری ناوچەکە بدەن، لە وەرزی زستاندا زیاتر لە سەد ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکە دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت لەم وەرزەدا ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیاران ڕوو لە ناوچەکە بکەن.
زەینەب کەریم، گەشتیارێکی خوارووی عێراقە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر”دەڵێت: لەڕێگەی گرووپاتی گەشتیارییەوە ھاتووینەتە کۆڕەک کە شوێنێکی زۆر خۆشە، بەتایبەتی کاتێک کە بە تەلەفریک سەردەکەوی و دەچیە ناو بەفر ئەوەش خۆشییەکانمانی زیاتر کردووە.
نوری سەلام، گەشتیارێکی ناوەڕاستی عێراقە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: کەشوھەوای کوردستان زۆر خۆشە، لە ھەر چوار وەرزی ساڵ سەردانی کوردستانم کردووە، وەرز بۆ وەرز خۆشتر دەبێت، ئێستا کە بەفر باریوە، ڕوومان لە ناوچەکە کردووە، بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەر ببەین، لێرە کاتەکانمان بە یاری تۆپەڵە بەفر، وێنەگرتن و ھەڵپەڕکێ بەڕێ دەکەین، ھیوادارین کوردستان ھەر وا خۆش و ئاوەدان بێت.
حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی چیای کۆڕەکی گەشتیاری، ڕایگەیاند، ساڵانە لەگەڵ بارینی بەفر و داپۆشینی چیایی کۆڕەک، گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن، بە تایبەتی لە کۆتایی ھەفتە و بۆنەکان.
بەڕێوەبەری کارگێڕیی چیای کۆڕەکی گەشتیاری، گوتیشی: لە چیای کۆڕەک ١٣٢ خانووی گەشتیاری و ھۆتێل ھەن، کە ٩٤ ژوور لەخۆ دەگرێت، بەڵام بەھۆی ھاتنی ڕێژەی زۆری گەشتیاران بەردەوام شوێنی مانەوە نامێنێت، بە تایبەتی لە ڕۆژانی ھەینی، کە لەو ڕۆژەدا زیاتر لە چوار ھەزار گەشتیار سەردانمان دەکەن.
ساڵانە لە ئیدارەی سۆران فیستیڤاڵی خلیسکانی سەر بەفر دەکرێت، بەرپرسانی گەشتوگوزاریش، دەڵێن، بۆ وەرزی گەشتیاری زستانە، ھەندێک چالاکی گەشتیاری دەکەین، بۆ ئەوەی زیاتر گەشتیار ڕابکێشین، بارینی بەفر بەخۆی ھۆکارێکە بۆ ئەوەی گەشتیاران زیاتر ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکان بکەن. فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، ڕایگەیاند: ڕاستە ئەمساڵ ڕێژەی بەفر بارین وەکو پێویست نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بارینی بەفر لە چیای کۆڕەک، حەسەن بەگ، حاجی ئۆمەران و مێرگەسۆر، کاریگەری زۆری ھەبووە لەسەر ھاتنی ڕێژەی گەشتیاران بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران، لە سنوورەکە شوێنی گەشتیاری زۆر خۆش ھەن، گەشتیاران بە شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەرەکە سەرسامن و کاتێکی خۆش تێدا بەسەر دەبەن، بارینی بەفر کاریگەری باشی ھەبووە لەسەر زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاران، ڕۆژانە زیاتر لە حەوت ھەزار گەشتیار ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری سۆران دەکەن، بەتایبەتی لە ڕۆژانی پشوو ڕێژەکە زۆر زیاتر دەبێت، ڕێژەی گەشتیارانیش ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر بەرزبووەتەوە ئەوەش بەھۆی ئاسانکاری لە بازگەکانە کە کارئاسانیەکی زۆر لەلایەن بازگەکانەوە بۆ گەشتیاران دەکرێت، ھەروەھا ھەبوونی ئەو ھەموو کۆمپانیا گەشتیارییە کە بەردەوام گەشتیار دێنن بۆ ھەرێمی کوردستان.
لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆری چیا ھەن، چەند ساڵێکە حکوومەتی ھەرێم کاریان لەسەر دەکات، بۆ ئەوەی وەکو پڕۆژەی گەشتیاری سوودی لێ ببینرێت. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، ئاشکراشی کرد: کۆمەڵێک پڕۆژەی گەشتیاری لە پلان دانراون و داومانەتە سەرووی خۆمان کە ئەو پڕۆژانە پڕۆژەی جیا جیان ئەوەش وا دەکات کەرتی گەشتیاری زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت، لەگەڵ خزمەتگوزاری ناوچە گەشتیارییەکان، ھەروەھا لە ڕێگەی کەرتی تایبەت چەند پڕۆژەیەکی گرنگی گەشتیاری ھەن، ئەوانەش دەتوانن تەکانێکی باشتر بە بواری گەشتیاری بدەن و، کاریگەی لەسەر زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاران ھەبێت.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بەگوێرەی پلانی ٨ ساڵەی دەستەی گەشتوگوزار ساڵ بە ساڵ ژمارەی ھاتنی گەشتیاران زیادی کردووە، ساڵانی ڕابردوو تەنیا لە ھاوین و بۆنەکاندا گەشتیاران سەردانی ھەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەڵام ئێستا لە وەرزەکانی پاییز و زستانیشدا گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن، ئەو گەشتیارانە پێکھاتوون لە گەشتیاری ناوخۆیی، گەشتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ھەروەھا ئەو گەشتییارانەی پێیان دەگوترێت گەشتیاری نێودەوڵەتی، کە لە دەرەوەی عێراقەوە دێن.