ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/1/2025 بە چاودێری ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری شارەوانیی سنوورەكە و كۆمپانیای جێبەجێكار و تیمی ئەندازیارانی پرۆژەكە، بەردی بناغەی گەورەپڕۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی سەرەكیی هەولێر – بەحركە دانرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە ڕێوڕەسمەدا بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن قسەیان كرد و باسیان لە گرنگی پرۆژەكە بۆ شاری هەولێر كرد.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: جێگەی خۆشحاڵییە كە ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی پرۆژەیەكی گرنگ لە شاری هەولێر دادەنێین، ئەویش پرۆژەی نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنەوەی یەكێك لە شەقامە سەرەكییەكانی هەولێر كە شەقامی 100مەتری لە قۆناغی یەكەم بە شەقامی 120مەتری دەبەستێتەوە، هەروەها قۆناغی دووەمیشی شەقامی 120مەتری بە شەقامی 150مەتری لە ڕێگەی بەحركە دەبەستێتەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەكە گوتیشی: ئەو شەقامە یەكێكە لە شەقامە سەرەكییەكان كە دانیشتووانی پایتەختی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە بەكاری دەهێننن و كارئاسانییەكی زۆر بۆ جووڵە و هاتوچۆی خەڵك دەكات هەم لە شەقامی بازنەیی 150مەترییەوە بۆ ناو هەولێر و هەم لە شەقامی بازنەیی 120 مەترییەوە بۆ ناو هەولێر و بە پێچەوانەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە قۆناغەكانی پڕۆژەكەش، گوتی: ئەو پرۆژەیە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت و قۆناغی یەكەمی زیاتر لە كیلۆمەترێك و نیوە و قۆناغی دووەمیشی چوار كیلۆمەتر و نیو زیاترە و گوژمەكەشی ( 1 ملیار و 645 ملیۆن دینارە) و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە و لە چوارچێوەی بەردەوامی پرۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش كرد لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەكانی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو فەرمانگەكانی حكوومەت بەردەوامن لە خزمەتكردن و جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری، لە هەر كوێیەكیش پێویست بێت فەرمانگەكانی حكوومەت لەوێ كار دەكەن و خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتییان دەكەن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕێوڕەسمەكەدا وێرای بەرز نرخاندنی پرۆژەکە هاوکات وەڵامی چەند پرسیارێكی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و سەبارەت بە پرۆژەكەش خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاردا بەشدارن لە دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەكی گرنگ لە شاری هەولێر و ئاماژەی بەوەش كرد ئەو پرۆژەیە یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكان و هەولێر بە بەحركە دەبەستێتەوە و پرۆژەكەش لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشی كرد بۆ ئەو پرۆژەیە و جەختی كردەوە: ئەو شەقامە ڕۆژانە هاووڵاتییەكی زۆر بەكاری دەهێنن.