باڵەخانەی نوێى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان کرایەوە

 

ئەمرۆ چوارشەممە 2025.1.22، بە ئامادەبوونى د.فرسەت ئەحمەد، وەزیرى داد و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و د.عەبدولحکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و د.جوتیار عادل، سەرۆکى فەرمانگەى میدیا و زانیارى و ژمارەیەکى دیکە لە دادوەر و بەرپرسانى حزبى و حکومى و سەرۆک و ئەندامانى دەستەى کارگێڕى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان و ژمارەیەکى بەرچاوو لە پارێزەران، لەڕێورەسمێکدا، لە هەولێرى پایتەخت، باڵەخانەى نوێى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان کرایەوە.

پارێزگارى هەولێر، ویڕاى پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانى دەستەى کارگێڕى سەندیکا و پارێزەرانى کوردستان بۆ کردنەوەى باڵەخانەیەکى شیاو بە پێگەى خۆیان، ئامادەیى هەموو پاڵپشتى و هاوکارییەکى نیشاندا بۆ پێداویستى و سەرخستنى ئەرک و کارەکانیان، هەروەها ئومێدى خواست سەندیکاى پارێزەران، وەک هەمیشە پارێزگار و داکۆکى کارى ماف و جێبەجێکارى خواست و داواکارى پارێزەران بێت.