سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیانی ئاگرەكەی هۆتێلی بۆڵۆی تورکیا دەكات

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2025، بۆ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هۆتێلی بۆڵۆی تورکیا، سەرۆک مەسعود بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە.

سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەدا رایگەیاند “زۆر بەداخەوە بۆ ڕووداوی دڵتەزینی ئاگرکەوتنەوەی هۆتێلی بۆڵۆی تورکیا کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی بوونە قوربانی”.

راشیگەیاند “پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی کەسوکاری گیانلەدەستداوانی ئەو ڕووداوە دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم”.

سەرۆك بارزانی هەروەها رایگەیاند “هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەخوازم”.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە رووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە هۆتێلی ناوەندی خلیسكانەی سەر بە فری كارتاڵكایا لە پارێزگای بۆڵۆ لە وڵاتی توركیا كەوتەوە.

لە ئەنجامی كەوتنەوەی رووداوەكە 66 كەس گیانیان لەدەست دا و 51 كەسی دیكەش بریندار بوون.