هاتوچۆی هەولێر: ڕۆژانی هەینی هاتوچۆ بۆ ناو بازاڕ بە پیادە دەبێت

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی هەینی،  لەبەر قەرەباڵغی سەنتەری شار بەتایبەت بازاڕی شێخەڵلا و بەردەم پارکی نافوورە، هاتوچۆ بە پیادە دەبێت.

ئەمڕۆ هەینی، 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی ڕۆژانی هەینی  ژمارەیەکی زۆر  هاووڵاتیان و گەشتیاران سەردانی سەنتەری شاری هەولێر بەتایبەتی بازاری شێخەڵڵا و پارکی نافورەی بەردەم قەڵا دەکەن، پیادە ڕۆ و ئۆتۆمبیل تێکەڵ بەیەک دەبن لەشەقامدا، کە ئەمەش بەبەردەوامی دەبێتە هۆی قەرەباڵغی شەقامەکە و دروست بوونی جەنجاڵی و سیمایەکی ناشیرن بەشەقامەکانی ناو بازار دەدات، بۆیە بڕیار درا هاتووچۆکردن لە سەنتەری شار تەنها بە پیادە بێت لە کاتژمێر یەکی نیوە ڕۆ تا هەشتی ئێوارە.

ڕاشیگەیاند، دوای ئەو کاتەی دیاری کراوە هاتووچۆی ئۆتۆمبێل بۆ ناو سەنتەری شار ئاسایی دەبێتەوە.