چوارشەممە, كانونی یه‌كه‌م 18, 2024

توێژینەوەی زانستی لە نێوان زانكۆی سۆران و زانكۆیەكی نێودەوڵەتی ساز دەكرێ

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

وێركشۆپێكی “British academic writing workshop” بە هاوبەشی لە نێوان زانكۆی سۆران و زانكۆی دوورهامی بەریتانیا، رێک خرا.

ئەم وێركشۆپە بەشێكە لە پڕۆژەیەكی هاوبەشی نێوان زانكۆی سۆران و زانكۆی دوورهام، كە لە ٢٨ـی ئاداری ٢٠٢٣ـی زایینییەوە پێوەی سەرقاڵن و تاكو ٣١ـی ئاداری ٢٠٢٥، بەردەوام دەبێت؛ “British Academic” خەرجی وێرکشۆپەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
دكتۆر محەمەد عەلی وەك نوێنەری زانكۆی سۆران و پ. د. بەهار بەسر وەك نوێنەری زانكۆی دوورهام، بە ئامادەبوونی پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، پڕۆژەكە سەرپەرشتی دەكەن. لە ماوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەشدا چەندین ڕاهێنەری توانا كە لە چەند وڵاتی جیاوازەوە هاتبوون، چەندین وێركشۆپ و وێبیناریان پێشکەش کرد؛ بڕیار وایە لەو سێ مانگەیشدا چەندین توێژەر لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە بێن و وێركشۆپ و وێبینار پێشکەش بکەن.
زانكۆی سۆران لە ڕاگەیێنراوێكدا ئاماژەی بەوە دا یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە بەهێزكردنی توانستی توێژەرانی سەرەتایی، لە ڕێگەی بەرزكردنەوەی توانستی نووسینی ئەكادیمیک و پاڵپشتیكردنیان بۆ بڵاوكردنەوەی توێژینەوەكانیان لە گۆڤارە بەناوبانگ و ئاستبەرزە نێودەوڵەتییەكاندا؛ هەروەها فەراهەمكردنی ئایندەیەكی گەشاوەتر بۆ توێژەرانی تازەپێگەیشتوو لە بواری توێژینەوەی زانستی.
هەر لە سۆنگەی ئەم ئامانجەوە لە كاتی دەستپێكردنی پڕۆژەكە، زۆرێك لە توێژەرانی بەشداربووی پڕۆژەكە توانیویانە كە توێژینەوەكانیان لە گۆڤارە نێودەوڵەتییە پێشەنگەكان و خاوەن ئیمپاكت فاكتەرەكان بڵاو بكەنەوە، كە ئەمەش دەرخەری كاریگەرییەكانی پڕۆژەكەیە لەسەر بەشداربووان.