دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت پەلە لە پێکهێنانی حکوومەت بکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

دوای ھەڵبژاردن خەڵک چاوەڕێی ئەوەیە نەخشەی سیاسی و دەستەڵات و حکومڕانی دابڕێژرێتەوە، ھەر بۆ ئەم مەبەستە دوێنێ ھەردوو شاندی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پێشھاتەکانی ناوچەکە کۆبوونەوە. بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی، دەڵێت: پارتی پابەندە بە دروشمەکانی خۆی ئەویش ھێنانەدی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەییە تاوەکو بتوانین پێکەوە خۆڕاگر بین.

دووەمین کۆبوونەوەی ھەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە مەکتەبی سیاسیی پارتی بەڕێوەچوو لەو کاتەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە.
خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ ھەڵبژێردرا، لە ھەڵبژاردنەکەدا پارتی ٣٩ کورسی، یەکێتی ٢٣ کورسی و نەوەی نوێش بە ١٥ کورسی لە پلەی دووەم و سێیەم بوون.
دڵشاد شەھاب، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ، گوتی: لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پێشھاتەکانی سووریا و ناوچەکەمان کرد.
چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، کوردستانیان لە ڕۆژی ٢٠ـی ئۆکتۆبەردا بە دەنگدانیان بە پارتی، ئەو حزبەیان لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بە بەھێزی ھێشتەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە حزبەکان حکوومەتێک پێکبھێنن بە ھێزەوە کارەکانی بکات لە بووژانەوەی ئابووری و گفتوگۆی جیددی لەگەڵ بەغدا و بەھێزکردنی دیپلۆماسیەتی ھەرێمەکەمان لەگەڵ دەوڵەتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا.

پارتی پابەندە بە دروشمەکانی خۆی

ھێمن ھەورامی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لەوە دەکات، لە قۆناغی دوای ھەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان پابەندە بە دروشمەکانی خۆی ئەویش ھێنانەدی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەییە تاوەکو بتوانین پێکەوە خۆڕاگر بین.
ھێمن ھەورامی، ئەوەش دەڵێت: ئێمە بەرنامەیەکمان ڕاگەیاندووە وەکو بەرنامەی پارتی بۆ کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی دروشمەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لایەنەکانی دیکەش بەرنامەیان ھەبووە بۆیە خاڵی ھاوبەش لە نێوان بەرنامەکانمان ھەیە، لەبەر ئەوە گرنگە خاڵە ھاوبەشەکانمان بدۆزینەوە.

مەرجی پارتی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ

پارتی ھیچ مەرجێکی پێشوەختەی نییە بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم، بەڵام وەک سەرۆک بارزانی، دەڵێت، یەک حکوومەت و یەک پەرلەمان و یەک ھێزی پێشمەرگە داواکاری پارتییە. ھێمن ھەورامی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرای کرد: زۆر گرنگە بە گیانێکی کوردستانیانە بۆ یەک ھەرێم، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان، یەک ھێزی پێشمەرگە بتوانین بەرنامەیەک بۆ چوارساڵی ئایندە دابنێین، ھەروەھا ھاوبەشی نیوە ڕێگەمان نەبێت، لەگەڵ ھەموو لایەنەکان گفتوگۆ دەکەین لەسەر ئەو بەرنامەی کە پارتی بانگەشەی بۆ دەکرد.

دەبێت پەلە لە پێکھێنانی حکوومەت بکرێت

دکتۆر سامان شاڵی، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئاشکرای کرد: لە ھەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەری پەرلەمانی کوردستاندا، پارتی وەک ھێزی یەکەم مایەوە، ئەمەش گرنگە بۆ ئاسایش و ئارامیی ھەرێمەکەمان، پارتی بەڵێنی ئەوەی بە ھاووڵاتییان داوە، کوردستان بەھێزتر دەکات، بە تایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە کە بتوانێت ئابوورییەکی فرەچەشن دروست بکات و گرنگی بە داھاتی ناوخۆ بدات لە ڕووی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزارەوە.
گوتیشی: گرنگە پەیوەندی ناوخۆ زیاتر پەرەی پێ بدرێت و ببێت بە چەترێک بۆ ھەموو حزبەکان، حکوومەتێکی بەھێز دروست بکرێت، ھەروەھا گفتوگۆیەکی بەھێز لەگەڵ حکوومەتی ناوەند دەست پێ بکرێت بۆ وەرگرتنی ھەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان، کە لە دەستووردا ئاماژەیان پێ کراوە، پێویستە حکوومەتی داھاتوو ھەنگاوی ورد بنێت بۆ دوورخستنەوەی ھەرێمی کوردستان لەو شەڕەی لە ناوچەکەدا ھەیە، گوتاری حکوومەتی داھاتوو زۆر گرنگە، پێویستیشە پەرلەمان کار لەسەر ئەوە بکات شەرعییەت بداتەوە بە ھەموو دامەزراوەکانی کوردستان، بۆیە دەبێ بە زووترین کات حکوومەت دابمەزرێت، بێگومان پارتیش دەوری سەرەکی دەبێت، من بڕوام وایە وەک ھەموو جار بۆ پاراستنی ئاسایشی کوردستان، لە پشکی خۆی بۆ لایەنی تر خۆش بێت و پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەتەکەماندا.

سەرکەوتنی ھەڵبژاردن بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگ بوو

ھۆزان خورشید، چالاکوانی بواری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” جەختی لەوەکردەوە: پارتی ڕێز لە دیموکراسی و دەنگی جەماوەر دەگرێت و بڕوایەکی قووڵی بە پەرەسەندنی سیاسی و دیموکراتی و مونافسەی دیموکراتی ھەیە لە کوردستان، لە سەقامگیری و ئارامیدا پارتی پانتایی جەماوەریی بەھێز و بەھێزتر دەبێ و لە شەڕ و بەرگرییش لە کوردستان پارتی سەلماندوویەتی بە ھەموو توانایەوە بەرگری لە خاک و خەڵک دەکات و بەرپرسیارەتی پرسی کوردی لە ئەستۆ گرتووە.
ئەو چالاکوانە، دەشڵێ: سەرکەوتنی ھەڵبژاردن بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگ بوو، کە ھێزێکی دیموکراتیی وەک پارتی، بە ھێزەوە بمێنێتەوە و پەرە بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی بدات لەگەڵ دەوڵەتانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە ساڵانی ڕابردوو لەسەر دەستی سەرۆکی ھەرێم و حکوومەت، پەرە بە پێوەندیی نێودەوڵەتی دراوە.