بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ئاڵای کوردستان بەڕێوەچوو

سەرۆکی حکوومەت ؛
ناوچەکەمان بە گۆڕانکاریی خێرا تێدەپەڕێت بۆیە پێویستە هەموو هێزە سیاسیەکان ، جیاوازیەکانیان بخەنە لایەک و لە پێناو پاراستنی نیشتمان یەک هەڵوێست بین و حکومەتێکی سەرتاسەری و بەهێز دروست بکەین.

 

ئەمڕۆ سێشەممە 12/17، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قەڵای هەولێر، ڕێورەسمێکی تایبەت بە ڕێزگرتن لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە نوێنەرانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون، سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا پیرۆزبایی ڕۆژی ئاڵای کوردستانی لە خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان کرد. دووپاتیشی کردەوە کە ئاڵای کوردستان، سیمبولی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان و هێمای یەکگرتووییمانە. بۆیە پێویستە هەموو کوردستانییەک ئەم ئاڵایە بەرز ڕابگرێت.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا ناوچەکەمان بە گۆڕانکاریی خێرا تێدەپەڕێت و ڕووداوی هەستیار ڕوو دەدەن، بۆیە پێویستە هەموو هێزە سیاسیيەکان، جیاوازییەکانیان بخەنە لایەک و لەپێناو پاراستنی نیشتمان، یەک هەڵوێست بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، هەروەها پێویستە حکومەتێکی سەرتاسەری و بەهێز دروست بکرێت، بۆ ئەوەی ئامادەبین ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکان ببینەوە و بەردەوام بین لە خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی حکومەت سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد کە سەرەڕای ئەو هەموو فشار و ناخۆشیيانەی لە ماوەی ڕابردوو بەسەریاندا هاتووە، بەڵام خۆڕاگرانە وەستان، بە تایبەتی کە فشاری نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، وایکرد ڕووبەڕووی دۆخێکی ناهەموار ببنەوە بەڵام هەر خۆڕاگربوون، بۆیە سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم، هەروەها دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم کە هەمیشە ئامادە بوون بۆ بەرگری لە خاک و وڵاتەکەمان خۆیان بەخت بکەن و لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریدان.