ڕائیب جادر – هەولێر
پەیەدە بەردەوام سیاسەتی تاکڕەوی و پەڕاوێزخستنی لایەنەکانی دیکەی پەیڕەوکردووە لە قۆناغی ئێستادا و دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد داوای یەکڕیزی و یەکگرتووی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، فەرماندەی فەرماندەیی ھەسەدە، داوا لە ھەرێمی کوردستان دەکات ڕۆڵی خۆی لە نزیککردنەوەی سەرجەم لایەنەکان بگێڕێت. سیاسەتمەدارانی ھەرێمی کوردستانیش داوا دەکەن لایەنەکانی ڕۆژئاوا بە یەکدەنگ ڕوو لە شام بکەن.
کورد لە سووریای داھاتوو ھاوبەشی سەرەکی دەبێت
ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: لێدوانێکی بەڕێز ئەحمەد شەرعـم لەبارەی گەلی کورد لە سووریا بینی کە گەلی کوردی وەک بەشێک لە نیشتمان و ھاوبەش لە سووریای داھاتوو وەسفکردبوو.
لەو بارەیەوە سەرۆک بارزانی، دەڵێت: ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داھاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین و ھیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و ڕاستکردنەوەی ئەو مامەڵە ھەڵە و نادروستەی لەبەرانبەر گەلی کورد لە سووریا ئەنجام دەدرا، ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی شەممە، ئەحمەد شەرع لە وەڵامی ڕۆژنامەڤانێکدا ڕایگەیاند، کورد بەشێکن لە نیشتمان، وەکو ئێمە ستەمێکی زۆریان لێکراوە، لە سووریای داھاتوودا ھاوبەشی سەرەکی دەبن و لە ئەمڕۆ بەدواوە ھیچ ستەمێکیان لێ ناکرێت و لە ئەمڕۆ بەدواوە دەروازەیەک و مێژوویەکی نوێ لە سووریا دەستپێدەکات.
سەرۆک بارزانی، دەڵێت: ئەم جۆرە تیڕوانینە ڕێخۆشکەرە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی بەھێز و پێویستە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکھاتەکانی تری سووریا سوود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ ئەوەی پێکەوە لە دامەزراندنی سووریایەکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکرات بەشدار بن.
هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بەرزدەنرخێنین
خەڵکی ڕۆژئاوا، داوا لە ھەموو پارتەکانی ڕۆژئاوا دەکەن ناکۆکییەکانی خۆیان، کە چەندین ساڵە بووینەتە قوربانی سیاسەتە چەوتەکانی پەیەدە بەڵاوە بنێن، بۆ ئەوەی ئەو دۆخەی لە سووریا ھاتووتە پێشەوە لە بەرژەوەندی کورد تەواو بێت، ئەگەرنا ئەمجارە کورد لە ڕۆژئاوا نەبێتە یەک و دەست لەناو دەست نەنێت و بە یەکگرتووی ڕوو لە شام نەکات، شتێک نامێنێت بەناوی ڕۆژئاوا. خەلیل عومەر، کوردێکی ڕۆژئاوای کوردستانە و لە سۆران نیشتەجێیە، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: سەرۆک بارزانی، ڕۆلی بەرچاوی لە ئاشتەوایی نێو ماڵی کورددا ھەیە، جگە لەوەی چەندین جار ھاوکاری گەیاندۆتە ڕۆژئاوا، بۆیە وەکو خەڵکی ڕۆژئاوا ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بەرز دەنرخێنین.
مەناف دەخیل، پەنابەرێکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: سەرۆک بارزانی بۆتە ناسنامەی کورد، بۆیە پێویستە نێوەندگیری بکات بەو پێیەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ جیھان ھەیە، ئەگەر سەرۆک بارزانی پشتی ڕۆژئاوا بگرێت بە ھەموو ھێزی دنیا ناکەوێت، بۆیە داوا دەکەین ئەمجارەش وەکو ڕابردوو ھەموو ھێزەکانی ڕۆژئاوا لە دەوری یەکدی کۆبکاتەوە، بۆ ئەوەی کوردیش لەو بەشە وەکو ھەرێمی کوردستان بە مافەکانی خۆی بگات و بە ئارامی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆمان بژین و چی دیکە ئاوارە و دەربەدەر نەبینەوە.
پەیەدە پێگری ڕێککەوتنەکان نابێت
ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵە بۆ چەندین جار سەرۆک بارزانی ھەوڵی دا لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە یەکدی نزیک بکاتەوە، تاکو ناوچەکانی خۆیان بپارێزن، بەڵام پەیەدە پێگری ڕێککەوتنەکان نەبوو، سەرۆک بارزانی لە حوزەیرانی ٢٠١٢ لەگەڵ لایەنەکانی ڕۆژئاوا لە ھەولێر کۆبوویەوە لەو کاتەدا لایەنەکان لەسەر ژمارەیەک خاڵ ڕێککەوتن لەوانە پێکھێنانی دەستەیەکی باڵا و کۆمەڵێک لیژنە، بەڵام تەنیا دەستەیەکی باڵا دامەزرا و خاڵەکانی دیکە جێبەجێ نەکران، ھەر لە دوای کۆبوونەوەکە پەیەدە ھەندێک بڕیاری دژی لایەنە کوردیەکانی دیکەی دان، ئەوەش وای کرد ئاڵۆزی لە نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە دروست ببێت، لە ساڵی ٢٠١٣ جارێکی دیکە سەرۆک بارزانی لە ھەولێر لەگەڵ لایەنەکانی ڕۆژئاوا کۆبوویەوە و ژمارەیەک بڕیار لە کۆبوونەوەکە دران، یەکێک لە بڕیارەکان ئەوە بوو شاندێکی یەکگرتوو بۆ جنێف بچێت، لەگەڵ ڕاگەیاندنی شەڕی ڕاگەیاندن و ئازادکردنی گیراوەکان، بەڵام دووبارە پەیەدە ھیچ لەو بریارانەی جێبەجێ نەکرد، لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ سەرھەڵدانی شەڕی داعش سەرۆک بارزانی لە دھۆک دووبارە لەگەڵ لایەنەکان کۆبوویەوە و بڕیاردرا پێکەوە لایەنە کوردییەکان بەرگری لە ڕءژئاوا بکەن، بەڵام دووبارە ھیچ خاڵێک جێبەجێ نەکرا و ئالۆزییەکان لە نێوان ھەر دوولا زیاتر بوون و بەردەوام ھێرش دەکرایە سەر ئۆفیسەکانی ئەنەکەسە و گرتنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان زیاتر بوو. کاوە ئازیزی، سیاسەتمەداری کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پەیەدە پێشتر پێگری بە ڕێککەوتنەکان نەدەکرد، ھەر ڕێککەوتنێک کرابایە پەیەدە ھەر زوو پاشگەزدەبوویەوە، ئێستا ھیوادارین پەیەدە پابەند بێت بە ھەر ڕێککەوتنێک کە لە نێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوا دەکرێت، بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا پارێزراو بێت، چونکە ئەگەر ئەو دەرفەتەی ئێستا ھاتۆتە پێشەوە لە دەست بدەین، ئێدی شتێک نامێنێت بە ناوی ڕۆژئاوا.
هەسەدە داوا دەکات ھەرێمی کوردستان بە ھانایانەوە بێت
ئێستا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد مەترسی ھەیە سیناریۆی عەفرین و سەری کانی لە شوێنەکانی دیکەش دووبارە ببێتەوە، ھەر لەبەر ئەوەش بانگەوازی یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر بووە، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی فەرماندەیی ھەسەدە، داوا لە ھەرێمی کوردستان دەکات لەو بارەیەوە ڕۆلی خۆیان بگێڕن و ھاوکار بن لە نزیککردنەوەی لایەنەکانی ڕۆژئاوا.
جیھاند شەوکەت، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئێستا لە سووریا دەرفەتێکی باش بۆ کورد ھاتۆتە پێشەوە، ھەر لە سەرەتایی شەڕ و ئالۆزییەکانی سووریا تا ئێستا سەرۆک بارزانی زۆر گرنگی بە کێشەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان داوە، ھەردەم داوای لە لایەنەکان کردووە یەکڕیزی نێو ماڵی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزن.
دەشڵێ: دەبێت یەپەگە پارتەکانی دیکەی ڕۆژئاوا لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردن بەشداری پێ بکات و خۆش لە پەکەکە جیا بکاتەوە، ئەگەرنا بەپێچەوانەوە ناتوانێت ڕۆژھەڵاتی فورات بپارێزێت و ئەوەی ھەشە لە دەست دەردەچێت.
پێویستە پەیەدە واز لەو کارە بهێنێت
محەممەد دەروێش، شارەزای کاروباری سووریا، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” جەختی لەوەکردەوە: پێویستە پەیەدە سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و واز لە پەکەکە بھێنێت، ھەروەھا واز لە گرتن و ئەشکەنجەدانی ئەندام و لایەنگرانی حزبەکانی دیکەی ڕۆژئاوا بھێنێت، کە تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئەندام و لایەنگرانی حزبەکان لە زیندانەکانی پەیەدەدانە و ئامادە نین ئازادیان بکەن و بەشێکیشیان چارەنووسیان نادیارە.
دەروێش، ئاشکراشی کرد: پەیامی کوردستان ھەمیشە بۆ بەرژەوەندی ڕۆژئاوا ئەوە بووە کە پێویستە یەکڕیز و یەکدەنگ بن، پێشتر پەیەدە سێ جار لە ڕێککەوتنەکانی ھەولێر ١ و ٢ و دھۆک تاقی کراوەتەوە کە لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی ئیمزا کراون، بەڵام بەداخەوە پەیەدە پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبووە، کە پەکەکە بەھۆکاری تێکچوونی ڕێککەوتنەکان دەزانم.
نازم غەفوور، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ڕۆژئاوا ناوچەیەکی ستراتیژییە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەگەر ھەرێمی کوردستان بەھێز بێت، ڕۆژئاواش بەھێز دەبێت، جگە لەوەی ئەگەر پەیەدە و لایەنەکانی ڕۆژئاوا ڕێکبکەون، ناکۆکییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و ھەرێمی کوردستان نامێنن، کە لەڕووی ئابوورییەوە ھەر دوولا پێویستییان بە یەکدی ھەیە، بۆیە بە یەکڕیزی لایەنەکانی ڕۆژئاوا ناوچەکە بەتەواوەتی دەبێتە ھەرێمێکی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەو کات ئەمریکا و ئەوروپاش زیاتر پشتگیری لە ڕۆژئاوا دەکەن، ھەتا ئەگەر لایەنەکانی ڕۆژئاوا گەیشتنە ڕێککەوتن، ئەگەری زۆرە پەیەدە و تورکیا ڕێکبکەون، بۆیە دەرفەتێکی باش لە پێش کوردی ڕۆژئاوا ھەیە کە بتوانن لە دەستووری نوێی سووریا مافەکانیان وەربگرن.