لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا پەرتووکی (موسوعة الضباط الکورد فی الجیش العراقی) ناسێندرا

 

ڕۆژی دووشەممە 16ـی 12ـی2024 لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونی هەڤاڵ (زەعیم عەلی) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و (دکتۆر سالار عوسمان) بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی، ڕۆشنبیران و نووسەران، ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبی (موسوعة الضباط الکورد فی الجیش العراقی) لە نووسینی (لیوا فارووق ئیبراهیم شەریف) بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە (وتار، دۆکیۆمێنتاری، بەخشینی پەرتووک)ی لە خۆگرتبوو، دەستپێکدا؛ خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان سەروەریان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد بەڕێوەچوو.

دواتر (د.سالار عوسمان) بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، باسی لە گرنگیی نووسینەوەی مێژوو و خستنەڕووی مێژووی ئەفسەرە کوردەکان کرد و ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هەمووان هاوکار بن بۆ ئەوەی نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی لەم شێوەیە بەردەوامی هەبێت، بەتایبەت لەم بوارە گرنگە ئەرشیفکردن و توێژینەوە بەهای زۆری هەیە.

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا فیچەرێک لەبارەی قۆناغبەندیی نووسینی کتێبەکە پێشکەش کرا کە کوردستان تیڤی ئامادەی کردبوو.

دواتر خوێندنەوەیەک بۆ پەرتووکەکە لەلایەن (عەمید عیسمەت محەممەد علی گۆران) کرا. پاشان نووسەی کتێب گوتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و تێیدا سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک کرد.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، ڕێزلێنانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی (پ.د.ک)، هەروەها گوڵی ڕێز و وەفا بە نووسەر (لیوا فارووق ئیبراهیم شەریف) بەخشرا.