سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، لێدوانێکی (احمد الشرع)ـم لەبارەی گەلی کورد لە سووریا بینی کە گەلی کوردی وەک بەشێک لە نیشتیمان و هاوبەش لە سووریای داهاتوو وەسف کردبوو، گوتیشی: ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین .
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لێدوانێکی (احمد الشرع)ـم لەبارەی گەلی کورد لە سووریا بینی کە گەلی کوردی وەک بەشێک لە نیشتیمان و هاوبەش لە سووریای داهاتوو وەسف کردبوو.
ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین و هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و ڕاستکردنەوەی ئەو مامەڵە هەڵە و نادروستەی لەبەرانبەر گەلی کورد لە سووریا ئەنجام دەدرا.
ئەم جۆرە تیڕوانینە ڕێخۆشکەرە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی بەهێز و پێویستە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی تری سووریا سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، بۆ ئەوەی پێکەوە لە دامەزراندنی سووریایەکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکرات بەشدار بن.