هەرێمی کوردستان بووە ئەندامی فەرمیی چیاکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان

 

شۆرش غه‌فوری

ڕێکەوتی (11/12/2024) کە رۆژی جیهانیی چیاکانە، هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار بووە ئەندامی فەرمی چیاکان کە هاوپەیمانییەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە و تایبەتە بە باشترکردنی ژیانی کۆمەڵگە شاخاوییەکان و پاراستنی ژینگەی چیاکان لەسەر ئاستی جیهان.

بە چوونی هەرێمی کوردستان بۆ نێو ئەم هاوپەیمانییە، بەشدار دەبێت لە هەوڵە جیهانییەکان بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگە شاخنشینەکان لە ڕێگەی گەشەپێدانی بەردەوام، زیادکردنی وەبەرهێنانی کەرتی گشتی و تایبەت و، ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکانی کەشوهەوا و هەمەجۆری زیندەوەر. ئەم پابەندبوونە خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری دانیشتوانی چیاکان مسۆگەر دەکات، لەگەڵ پاراستن بەردەوامبوونی ئیکۆسیستەم و سەرچاوەکان بۆ بەرژەوەندی مرۆڤ و هەسارەی زەوی.
ئەم دەسپێشخەرییە کە لە ساڵی ٢٠٠٢ دامەزراوە، هاوپەیمانییەکی خۆبەخشانەی حکومەت و ڕێکخراوەکانە کە پێکەوە کار دەکەن بۆ گەشەپێدانی بەردەوامی چیاکان. لە ڕێگەی تۆڕێکی جیهانی شارەزایان و سەرچاوەی جیاوازەوە، دەستپێشخەری بەرجەستە دەکات بۆ چارەسەری ئاستەنگە ژینگەییەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و ئیکۆسیستەمی بەردەوام لە ناوچە شاخاوییەکان لە سەرانسەری جیهان.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری باڵای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا لەم بارەوە گوتی: چیاکانی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاون لە ناسنامە و کولتوور و کەلەپوورمان. پەناگە بوون و سەرچاوەی ئاون. گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشە لە کۆمەڵگە چیانشینەکان دەکات و هەمەجۆریی زیندەوەر دەخاتە مەترسییەوە. بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی چیاکان، کار دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە کۆمەڵگای چیاکان دەتوانن خۆ بگونجێنن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا و، لە ژیان بەردەوام بن.
هەروەها داوای لە زانکۆکانی کوردستان کرد توێژینەوەی ئاستبەرز بەرهەم بهێنن دەربارەی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئیکۆسیستەمی چیاکان.
هەرێمی کوردستان پاش ئەوەی لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ پەیوەندی بەم هاوپەیمانییەوە کرد، کەیسی چیاکان و ڕۆڵی گرنگیان بۆ هەمەجۆری زیندەوەر، ئاو، سەرچاوە دارستانییەکان بە جیهانی دەرەوە گەیاندووە. لە کۆنفرانسی COP29 لە ئازەربایجان، شاندی هەرێم بەشداری لە گفتوگۆ و پانێڵی جیاوازدا کرد لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم بابەتەوە، لەوانەش دەستپێشخەری نێودەوڵەتی کەشوهەوای کرایۆسفیەر (ICCI) کە تێیدا گفتوگۆ کرا لەسەر گرنگیی سەهۆڵ و شەختە و بەفری سەر چیاکان هەروەها چارەسەرکردنی کاریگەرییە بەردەوامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەریان.
جەخت کرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی ئامانجی ڕێککەوتننامەی پاریس بۆ راگرتنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە 1.5 پلەی سەدی.
هەروەها لەچەند پانەڵێکی تایبەت بە چیاکان و گرنگییان بۆ ژیانی گوندنشینان و دارستان و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەریان لە پاڤیلیۆنی عێراق، پسپۆڕانی ناو شاندی هەرێم تیشکیان خستە سەر ئەو بابەتە و بە پێویستیان زانی هاوکارییان بکرێت تاوەکو دانیشتوانی چیاکان و شێوەژیانیان لەگەڵ سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵیان نەبنە قوربانی ئەو گۆڕانکارییانە.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان چیاکان لە قەیراندان، شەختە بەفری چیاکان دەتوێنەوە، ئەمەش رێژەی ئاو لە ڕووبارەکان دەخاتە مەترسییەوە و ئەو سەختییانەی کۆمەڵگە شاخاوییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە چڕتر دەکاتەوە، بەزۆری لەو کۆمەڵگانەی زیاتر هەڕەشیان لەسەرە. لە هەمان کاتدا زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی چیاکان، پیسداگەڕان و تێکچوونی زەوی مەترسییەکان بۆ مرۆڤ و هەسارەکە گەورەتر دەکەن.
لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵگە چیانشینەکان نەهامەتی چەندین ساڵ ململانێ و جەنگیان چەشتووە و ئێستاش ڕووبەڕووی کاریگەرییە سەختەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەبنەوە. چارەسەرکردنی ئەم ئاستەنگانە پێویستی بە چارەسەری داهێنەرانە هەیە، وەک کشتوکاڵی زیرەک و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بۆ بنیاتنانی خۆڕاگری و بەردەوامی.
ئەمساڵ ڕۆژی جیهانی چیاکان تیشک دەخاتە سەر گرنگی داهێنان، گونجاندن و بەشداریکردنی گەنجان لە بنیاتنانی داهاتوویەکی بەردەوام بۆ کۆمەڵگە شاخاوییەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان بە داننان بە دانیشتوانی ناوازە و خۆڕاگریی چیاکان، جەخت لەسەر چارەسەرێک دەکاتەوە کە هەژاری کەم بکاتەوە، لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و گەڕاندنەوەی هەمەجۆریی زیندەوەر.بەشداری گەنجان پایەیەکی گرنگی ئەم هەوڵەیە. بە دەرفەتی کاری شایستە، ڕاهێنان و، کارگێڕی بۆ گەنجان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامانجیەتی بەردەوامیی درێژخایەنی ناوچە شاخاوییەکان مسۆگەر بکات. چیاکان شوێنی ژیانی 15%ی دانیشتوانی و نیوەی کۆی هەمەجۆری زیندەوەری جیهانن، لە هەمان کاتدا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە نیوەی مرۆڤایەتی دابین دەکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی بێوێنە دەبنەوە.