یەک حکوومەت، یەک پێشمەرگە و یەک پەرلەمان بووەتە پێویستییەکی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان

لە دەیەکانی ڕابردوودا بەڕێوەچوونی هەرێمی کوردستان بە سیاسەتی فرەکوێخایی و مانەوەی بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر دەسەڵاتی حزبەکان و درێژەکێشانی دوو ئیدارەیی، زیانێکی یەکجار زۆری بە قەوارەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، بەلەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، ئەگەری دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی تیرۆر و زۆرتربوونی ملهوڕییەکانی دوژمنانی کورد، هەبوونی یەک حکوومەت، یەک پێشمەرگە و یەک پەرلەمان بووەتە پێویستییەکی هەنووکەیی.

هەر ئەوەندە بەسە بڵێین ئەگەر هەرێمی کوردستان خاوەنی یەک حکوومەت و یەک پێشمەرگە و پەرلەمان بووایە ئەوا بەشێکی زۆر لەو نەهامەتییانەی لە دەیەی ڕابردوودا بەسەر کورددا هاتوون، ڕوویان نەدەدا، خەڵکی کوردستان هەرگیز ئەوەندە نەدەکەوتنە ژێر پاڵەپستۆی قەیرانی دارایی، ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧ بەسەر هەرێمی کوردستاندا هات و نیوەی خاکەکەی لەدەست دا ڕەنگە هەرگیز لە دەستی نەدابوایە و شوێن و پێگەی هەرێمی کوردستان لە شوێنێکی دیکە دەبوو.
یەکێک لەو دروشمانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا زۆر جێی سەرنج و بایەخی خەڵکی کوردستان بووە و لە لایەن چاودێرانی سیاسی و ڕۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ و خەمخۆرانی نیشتمان و خەڵک پێشوازی لێ کراوە ئەو دروشمە بوو کە سەرۆک بارزانی لە میانەی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا خستیە ڕوو و لە دوای بانگەشەی هەڵبژاردنیش دووپاتی کردەوە.
سەرۆک بارزانی پێداگری لەوە کردووە کە پێویستە لەمەودوا هەرێمی کوردستان خاوەنی یەک حکوومەت و یەک پێشمەرگە و یەک پەرلەمان بێت و داواکارییەکەیشی هەر لە سۆنگەی تێگەیشتن و خوێندنەوەی خەسارناسیانەی ئەو بۆ ڕابردوو و پێویستیی ئەو گۆڕانکارییە بۆ داهاتوو و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان دەگەڕێتەوە.
هەرێمی کوردستان بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی ڕێکوپێک لە بیستی تشرینی یەکەم کە ڕێژەیەکی بەرزی خەڵک بەشدارییان تێدا کرد هەنگاوێکی زۆر گەورەی بڕی و یەکێک لە پاکترین و باشترین هەڵبژاردنەکان لە مێژووی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بردرا. گرنگی ئەو هەڵبژاردنە لەوەدابوو کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق هەڵبژاردنەکەی لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەبرد و هەموو ئەو گومانانەی کە لە ڕابردوودا لە سەر هەڵبژاردنەکان و پێگە و شەرعییەتی لایەنەکان هەبوو ڕەواندەوە. حزب و لایەنە سیاسییەکانی کورستان سەنگ و کورسیی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ دەرکەوت.
ئەو هەڵبژاردنە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینیی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە وردی لە لایەن محەمەد حەسسان نوێنەری یۆنامی لە عێراق تیشکی خرایە سەر و بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوت کە بەرەوپێشچوونی ئەرێنی لە هەرێمی کوردستان بەدی کراوە، دوای دوو ساڵ لە دانوستان و دواخستنی هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو بەڕێوە چوو و حەفتا و دوو لەسەدی دەنگدەران بەشدارییان کرد. متمانە بۆ بەهێزترکردنی توانە تەکنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا هاتە کایەوە و نوێنەری یۆنامی بە پێویستی زانی نەتەوە یەکگرتووەکان شانازی پێوە بکات. خاڵێکی تر کە ئەو وەک شانازی باسی کرد ئەوە بوو کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژنان توانیان سی و یەک کورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنن کە هێمایە بۆ گەشەی دیموکراسی و بەشداریی چالاکانەی ژن لە دەسەڵات و کایەی سیاسی.
هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی نوێی کوردستان کۆ بووەوە و یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز کرد بەڵام چالاکبوونی پەرلەمان بە فراکسیۆنەکان و حزبەکانیان گرێ دراوە کە هەر چی زووە حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێکبهێنن بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆی هەستێت و حکوومەتیش بە گوتارێکی تۆکمە و یەکدەست و بەهێز ڕووبەڕووی قەیران و پێشهاتە نوێیەکان ببێتەوە.
دۆخی ناوچەکە زۆر هەستیارە و لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا تەواوی سووریا شێواوە و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە حکوومەتی ئەو وڵاتە بکەوێت کە دراوسێی عێراقە و پەرەسەندنی تیرۆر و ئاڵۆزی لە ناوچەکە زیانی بۆ هەمووان دەبێت و ئەوانەی خۆیان ئامادە کردووە ئەوا پڕیشکی کەمتری ئەو ئاڵۆزییانەیان بەردەکەوێت، ئەوانەش ڕووبەڕووی پێشهاتی چاوەڕواننەکراو و مەترسیدار دەکاتەوە کە مشووریان نەخواردووە و خۆیان ئامادە نەکردووە.
دۆخەکە زۆر هەستیارە و چاوەڕوانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە کە زۆرینەی کورسییەکانی هێناوە هەرچی زووە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەت سەربخات و بە هاوکاریی لایەنە سیاسییەکانی تر دروشمەکەی خۆی بۆ ڕاستی بگۆڕێت و حکوومەتێکی یەکگرتوو و یەکدەست و تۆکمە بە پاڵپشتیی یەک پێشمەرگە و پەرلەمان دابمەزرێنێت و هەرێمی کوردستان ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان و قۆستنەوەی هەلەکان بکات.