ڕائیب جادر – هەولێر
پارتی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان دەستپێدەکاتەوە و دەیەوێت ھەرچی زووە کابینەی دەیەم پێکبھێنرێت و کابینەکە بکەوێتە سەر پێی خۆی، چونکە کۆمەڵێک دۆسیەی یەکلانەکردنەوە ھەن دەیەوێت لەگەڵ بەغدا یەکلایان بکاتەوە، بەرپرسێکی پارتییش، دەڵێ: پارتی لە پێناوی یەک حکوومەت، یەک ھێزی پێشمەرگە، پەرلەمان و کوردستانێکی بەھێز کار دەکات، ئەمەش خواست و داواکاری ھاووڵاتییانە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ٣٩ کورسی و زیاتر لە ٨١٠ ھەزار دەنگی بەدەست ھێنا، بەراورد بە ھەڵبژاردنی ڕابردوو زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار دەنگی زیاد کردووە و بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە پێش ھەموو لیستەکانەوەیە، یەکێتیی ٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتوو ٧ کورسی، ڕەوتی ھەڵوێست ٤ کورسی، کۆمەڵ ٣ کورسی، بەرەی گەل ٢ کورسی، ھاوپەیمانیی ھەرێمی کوردستان ١ کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان ١ کورسی بەدەستھێنا.
لە دوای ھەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەر، دووەمین ھەنگاونرا بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاسایی دەربازی بێت، ئەویش سوێندخواردنی پەرلەمانتاران بوو، ھەنگاوەکانی دیکە ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش بەستراوەتەوە بە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان. چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، یەکدەنگی لایەنەکان دەبێتە ھۆکاری دروستبوونی قۆناغێکی نوێ، پێشکەوتن و ئارامی زیاتر لە ھەرێمی کوردستان.
دانوستاندنەکان دەستپێدەکەنەوە
پاش دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان خەڵک ھەموو چاوەڕێیە حکوومەتی ھەرێم لە ماوەیەکی نزیکدا پێکبھێنرێت، چونکە زیاتر لە ساڵێک و نیو دەبێت پەرلەمانی کوردستان لە کارکەوتووە، ھەموو دامودەزگاکانی حکوومەت پێویستیان بەوەیە شەرعیەت وەربگرن، چاودێران دەڵێن، پێویستە ھەموو لایەنەکان ھاوکار بن و نەرمی بنوێنن، بۆ ئەوەی ھەر چی زووە حکوومەتی نوێ تەشکیل بکرێت و کابینەی دەیەم بکەوێتە کار و خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات. لیژنەی دانوستانکاری پارتی لە گفتوگۆدایە و دووبارە سەردانی لایەنەکان دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێکی سیاسی ھەم بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ھەمیش بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گفتوگۆیەکان تا ئێستا زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن، پارتی و یەکێتی متمانەی بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانیان بە یەکدی داوە، ئەم ھەفتەیەش بڕیارە جارێکی دیکە پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و دواتریش پارتی سەردانی لایەنەکانی دیکە دەکات، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا حکوومەتی نوێ پێکبھێنرێت. مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کۆبوونەوەی داھاتووی پارتی و یەکێتی لە داھاتوویەکی نزیکدا دەکرێت، بۆ ئەوەی بزانین ھەنگاوی داھاتوو بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، لە دوای ئەویش بۆ سەرۆکی ھەرێم و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ چی دەبێت.
مەرجەکانی پارتی
تارق وەیسی، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پارتی لە پێش ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردنیش تەئکیدی لەوە کردووتەوە دامەزراندنی حکوومەت لەسەر بنەمای یەک ھەرێم، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان و یەک ھێزی پێشمەرگە دەبێت، ئەوەش داخوازی و داواکاریی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، نەک لایەنێک بەیانی لەناو حکوومەت بێت، ئێوارەش، یان کاتێک دەگەڕێتەوە ئۆپۆزسیۆن بێت، ئەوە لە ھیچ شوێنێکی دنیا نەبووە، پێویستە حکوومەتی داھاتوو لەسەر ئیستحقاقی ھەڵبژاردن بێت، نەک لایەنی دووەم نیوەی کورسییەکانی نیوەی یەکەمی ھێناوە داوای سەرۆکوەزیران یان ھەر پۆستی دیکە بکات، کە ئەوە لە ھیچ شوێنێکی دنیا نەبووە، ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانی ئاماژەیەکی ئومێدبەخشە بۆ پەرەسەندنی بنەماکانی دیموکراسی لە ھەرێمی کوردستان، ھەر خۆی ھەڵبژاردن بۆ ئەوەیە ئەوەی بردووەتەوە حکوومەت پێکبھێنێت و بەرنامەی خۆی جێبەجێ بکات.
پەیوەست بە مەرجەکانی پارتی، ھیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرای کرد: پارتی ھەر ئەو مەرجانەی ھەیە کە سەرۆک بارزانی ئاماژەی بۆ کردووە، یەک حکوومەت یەک پەرلەمان، یەک ھەرێم و یەک ھێزی پێشمەرگە، دەمانەوێت حکوومەتێک دروست بکرێت خەڵک ھەست بەوە بکات حکوومەتێک ھەیە نەک چەند حکوومەتێک، ناکرێت حکوومەت لەناو حکوومەت ھەبێت، دەبێ بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی حکوومەت، بۆ ھەموو ناوچەکان بێت.
پارتی حزبی نەتەوە و نیشتمانە
لە ئێستادا مژاری گەرم لەناو کۆمەڵگەی کوردستان پێکھێنانی حکوومەتی نوێیە لە چوارچێوەی یەکڕێزی و یەکھەڵوێستی پارت و لایەنە سیاسییەکان بۆ نەھێلانی بۆشایی یاسایی لەناو دامودەزگاکانی حکوومی دا و دووبارە گەڕاندنەوەی شەرعیەت بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان. زریان سەعید، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە ویستوویەتی کوردستان بەھێز بێت، ھەر کاتێکیش پارتی بەھێز بووبێت، کوردستان بەھێز بووە، بۆیە خەڵکی کوردستان لەم ھەڵبژاردنەدا متمانیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان دایەوە، تا کوردستان بەھێز بێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ھەوڵ درا ھەڵبژاردن نەکرێت، بەڵام پارتی سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، پارتی حزبی نەتەوە و نیشتمانە و ھیچ کات سڵ ناکاتەوە لەو بوارەدا، ئێستاش لە پێناوی یەک حکوومەت و یەک ھێزی پێشمەرگە و پەرلەمان و کوردستانێکی بەھێز، کار دەکات بۆ ئەوەی بە زوویی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت، ئەمەش خواستی ھاووڵاتییان و دۆستانی کوردستانە.
ھەردەم لە پێناو یەکڕیزی پارتی قوربانی داوە
سەرکەوت مستەفا، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: یەکڕیزی حزب و لایەنە کوردستانییەکان لە چوارچێوەی بنەمای نیشتمانی و کوردستانیدا ھەنگاوێکە بۆ سەرکەوتنی گەلی کوردستان لە ھەموو قۆناغەکاندا و دوورکەوتنەوە لە کێشە و گرفتەکان.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: پارتی ھیواخوازە ھەموو حزب و لایەنەکان بەپێی قەبارەی خۆیان بەشداری لە کابینەی نوێ بکەن، چونکە چەند کورد بەھێز بێت ئەوەندە دەتوانێت مافەڕەواکانی خۆی وەربگرێت و پێگەی ھەرێمی کوردستانیش بەھێز دەبێت، ھەر کاتێک کورد یەک نەبێت زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی کوردستان دەبێت، پارتییش نایەوێت خەڵک زەرەر بکات، ھەر ئەوەش ھۆکار بووە کە پارتی زۆرجار قوربانی بدات و لە مافی خۆی خۆش بێت لە پێناو یەکڕیزی لایەنەکان.