كارزان گلی – ههولێر
ئاژانسی (رۆیتەرز) لە چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوی ناو سووریا زانیویەتی، حیزبوڵا نیەتی نییە هیچ چەكدارێك بۆ پاڵپشتی لە بەشار ئەسەد بنێرێتە سووریا، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئەو گروپە ماندووبوونی زۆری پێوە دیارە، بەتایبەت دوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.
هەفتەی رابردوو بە شێوەیەكی نەچاوەڕوانكراو، تەحریر شام هێرشی كردە سەر حەلەب و بە تەواوی داگیری كرد، هێزەكانی رژێمی سووریاش بەبێ ئەوەی هیچ بەرگرییەك بكەن، شارەكەیان چۆڵ كرد.
بەڵام بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا، لە لێدوانێكدا ئاماژەی دا بە هاوكاریی هاوپەیمانەكانیان هەموو ئەو خاكە وەردەگرنەوە كە تیرۆریستان داگیریان كردووە. هاوپەیمانیی ئەسەد، ئێران و رووسیا و حیزبوڵایە، ئێرانیش هاوكار و پاڵپشتێكی سەرەكی حیزبوڵایە، بۆیە ئاژانسی (رۆیتەرز) لە سێ سەرچاوەوە زانیاری وەرگرتووە، ئێران بە ئاشكرا بە سووریای گوتووە ناتوانن هیچ سەربازێك بۆ پاڵپشتییان بنێرن، هەروەها حیزبوڵاش نیەتی نییە هێز بنێرێت، بۆیە دەبێت رێگەیەكی تر بدۆزەنەوە.
پێشتر حیزبوڵا، هاوكارێكی سەربازی گرنگی رژێمی ئەسەد بوو، رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا، بەڵام دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی زۆر توند و گەورەی لە لوبنان كردە سەری، حیزبوڵایە ماندوو بووە و سەرقاڵە بەشەڕی لەگەڵ ئیسرائیل و فریای پاڵپشتیکردنی رژێمی ئەسەد ناكەوێت.
بەگوێرەی ئەو سێ سەرچاوەیەی رۆیتەرز، تاوەكوو ئێستا لەلایەن ئەسەدەوە داوا لە ئێران نەكراوە كە چەكداریان بۆ بنێرن، بەڵام ئەگەر داوایەكی لەو شێوەیەش بوونی هەبێت رەتدەكرێتەوە.بەگوێرەی زانیارییەكان، لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٣ەوە، ئسسرائیل پەلامارەكانی بۆ سەر حیزبوڵا چڕ كردووەتەوە، بۆیە لەوكاتەوە تاوەكوو ئێستا چوار هەزار چەكداری حیزبوڵا كوژراوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانێت پاڵپشتی هیچ هاوپەیمانێكی خۆی بكات.هەر بەگوێرەی زانیارییەكان حیزبوڵا، هەموو ئەو چەكدارانەی لە سووریا بۆ پاڵپشتی ئەسەد هێشتبوونییەوە، گەڕاندوەتەوە بۆ لوبنان و بردوونی بۆ بەرەكانی شەڕ دژی ئیسرائیل.
لەلایەكی ترەوە، روسیا كە هاوكار و پاڵپشتێکی سەربازیی رژێمی سووریا بوو، بەهەمان شێوە هەموو ئەو سەربازانەی لە سووریا هێشتبوونیەوە، گەڕاندووەتەوە بۆ بەرەكانی شەڕ دژی ئۆکراینا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (BBC)، رووسیا ١٥٠٠ ئەفسەر و راوێژكاری سەربازی لە سووریا هەبووە، بەڵام بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە هەمووی كێشاوەتەوە، ئەمەش وای كردووە كە ئەسەد لە ڕووی هاوكاری چەكدارییەوە بێئومێد بێت.