بەسەرپەرشتى وەزیرانى ناوخۆ و شارەوانى و پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە ڕێگەگرتن و نەهێلانى زێدەڕۆیی لە سەر موڵکى گشتیى ئەنجامدرا

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.12.4، لە پێناو بەرژەوەندى گشتیى و باڵا دەستى یاسا، بە سەرپەرشتى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ و ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى فراوان بە ڕێگەگرتن و نەهێڵانى سەرپێچی و زێدەڕۆیی لە سەر موڵکی حکومى و گشتیی ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە جێگران و یاریدەدەرى پارێزگار و قائیمقام و بەرپرسانى هێزە ئەمنیەکان و بەڕێوەبەرى ناحییەکان و سەرۆک و بەڕیوەبەرانى شارەوانییەکان و لایەنى دیکەى پەیوەندیدار ئامادەیى بوون، وەزیرى ناوخۆ، تیشکى خستەسەر ئەوەى لەو ماوەیەدا هەست دەکرێت زیدەڕۆییەکان ڕوو لە هەڵکشانە و ئەو پرسەش بۆتە مایەى نیگەرانى، لەو بارەیەشەوە ڕایگەیاند: ” دەبێت ئێوەى بەرپرسانى یەکە کارگێڕى و ئیدارییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە دابن کە پێتان سپێردراوە و نابێت بەرپرسانى ئیداریى خۆیان لەو بەرپرسیاریەتیە ڕاستەقینەى هەیانە بەدەربگرن، سەرجەم دام و دەزگاکانى حکومەت بەرپرسیارن لە ڕێگریکردن لەو زێدەڕۆیانەى لە سنوورى ئیدارەى ئەوان دەکرێت”.

هەروەها جەختى لەوەکردەوە، پێویستە بەپێى یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان هەر سەرپێچیەک هەبێت ڕاستەوخۆ بڕیارى چارەسەرکردنى لێبدرێت، ئەو کەس و لایەنەشى ڕێگەیان بە ئەنجامدانى زێدەڕۆییەکە داوە ڕێکارى یاساییان لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر و وەک تاوانباریش ئیجرائات لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکرێت کە لەسەرحسێبى خەڵکى هەژار و کەمدەرامەت بازرگانى بە موڵکى حکومەت و گشتیى دەکەن، گوتیشى: “دەبێت لە زوترین کاتدا چارەسەرى ئەو کێشە دیارە بکرێت و ڕێگەنەدرێت چیتر زێدەڕۆیی ئەنجامبدرێت”، بۆ ئەومەبەستەش وێڕاى ئەوەى هەماهەنگى و هاوکارى نێوان دەزگا ئەمنیەکان و یەکە ئیدارى و کارگێڕى و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى بە پێویست زانى، هەموو پاڵپشتى و هاریکاریەکى وەزارەتى ناوخۆى بۆ ئامادەبووانى کۆبوونەوە دووپاتکردەوە.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، ئەوە خرایە ڕوو کە زۆرجار کێشە و گیروگرفت و ئاستەنگى چاوەروان نەکراو دێنە پێش، بە جۆرێک دەبنە ڕێگر لە بەردەم چارەسەرییەکان و هەڵگرتنى زێدەڕۆییەکان، بۆیە بە پێویستە زانرا هەر زێدەڕۆییەک لەسەر موڵکى گشتیى ئەنجامدرا کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە، لایەنى سەرپێچیکار ئاگاداربکرێتەوە ئەو زێدەڕۆییە لاببرێت، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتى یاسایی پێویستى لەگەڵ بکرێت.

لە کۆتایشدا لەلایەن ئامادەبووانەوە، دواى خستنە ڕووى سەرنج و تێبینى و ئالیەتى چارەسەرکردنى گونجاو، ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ جێبەجێکردنى فەرمانەکان.