رۆڵی توركیا چییە لەو شەڕەی لە سووریا هەڵگیرساوەتەوە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

لە چەند رۆژی رابردوو، هەیئەی تەحریر شام، پەلاماری حەلەبی دا و لە ماوەی ٤٨ سەعاتدا تەواوی شارەكەی كۆنترۆڵ كرد و سوپای ئەسەد بەبێ ئەوەی هیچ بەرگرییەك بكەن، شارەكەیان چۆڵ كرد، بەڵام هەرزوو دوای حەلەب، ئەو هێزە رووی كردە تەلڕفعەت و سوپای سووریای دیموكرات، كە بەشێكی سەرەكی ئەو سوپایە سەر بە یەپەگەن، تەلەڕفعەتیان كۆنترۆڵ كرد و یەپەگە بەبێ شەڕ كشایەوە. ئەگەر زۆرە، لە چەند رۆژی داهاتوودا، ئیدی تەحریر شام و سوپای میللی سووریا، كە پێشتر سوپای سووریای ئازاد بوو، روو لە رۆژئاوای كوردستان بكەن و شەڕەكە لەوێ فراوانتر بێت.

رۆڵی توركیا لەو شەڕەدا چییە؟ ئەمە پرسیارێكە زۆر لە شرۆڤەكارانی سیاسی دەیكەن، بێگومان توركیا رۆڵێكی سەرەكی هەیە و یاریكەرێكی سەرەكیی ئەو یارییەیە.
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، هەرزوو بێبەریی وڵاتەكەیانی لەو شەڕە راگەیاند و گوتی ئێمە پەیوەندیمان پێوەی نییە، بەڵام نەیانشاردەوە كە بەهیچ شێوەك قبوڵیان نییە یەپەگە لە سووریادا بمێنێت.
تەحریر شام و سوپای میللی سووریا، كە بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا ناویان دەهێنرێت، لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێن، تەنانەت سوپای میللی سووریا، هێزی زەمینی توركیایە لە سووریا و هەر ئەو هێزە بوو بەكار هێنرا بۆ داگیركردنی عەفرین.
توركیا نەیشاردووەتەوە كە ئەو هێزە بۆ ئەوان گرنگە و هەروەها مووچەی تەواوی ئەو هێزە لەلایەن ئەوانەوە دابین دەكرێت، بۆیە هەر جووڵەیەكی ئەو هێزە لە سووریا، بەبێ توركیا نابێت، واتە هەموو فەرمانێك لە توركیا وەردەگرن.

توركیا چی لە سووریا دەوێت؟
ئامانجی توركیا لە سووریا، لەناوبردنی یەپەگەیە و دەڵێت بە هەموو شێوەیەك دژی ئەوەین یەپەگە لە سووریا ببێتە خاوەن ستاتۆی خۆی، بۆ ئەمەشیان چەندین هەوڵی دیپلۆماتیکی دا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپا پشتگیرییان لە یەپەگە كرد بۆ لەناوبردنی داعش، بۆیە هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی بۆ لەناوبردنی یەپەگە شكستی هێنا.
ئەگەر سەیری بارودۆخی سووریا بكەین، بەشێكی زۆری ئەكتەرە سەرەكییەكان رۆڵیان لاواز بووە، بەتایبەت رووسیا و ئێران.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراونەتەوە، رووسیا بەهۆی سەرقاڵبوونی بە شەڕی ئۆکراینەوە، ئاگای لە سووریا نەماوە، تەنانەت ئەو ١٥٠٠ ئەفسەر و راوێژكارە سەربازییەی لە سووریا جێگری كردبوو بۆ پارێزگاریكردن لە رژێمی بەشار ئەسەد، هەموویانی گەڕاندوەتەوە وڵاتەكەی، چونكە پێویستی پێیانە و لە قەیرانی كەمی سەربازدایە، بۆیە لە كۆریای باكوورەوە سەرباز رەوانەی جەنگ دەكات.
ئێرانیش كە لە رێگەی گروپە چەكدارەكانیەوە وەكو حیزبوڵا، توانیبووی رۆڵی گەورەی هەبێت لە مانەوەی ئەسەد، بەڵام دوای ئەو شكانەی حیزبوڵا لە لوبنان، كاری کردە سەر سووریایش، بۆیە بۆشاییەك دروست بووە و دەبوایە ئەو بۆشاییە پڕ بكرێتەوە و توركیاش بە هەلی زانی تا لە رێگەی ئەو گروپانەوە هاوكێشەی سووریا بگۆڕێت.
وەكوو ئەوەی شرۆڤەكارانی سیاسی باسی دەكەن، توركیا ویستی لە رێگەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەشار ئەسەد، یەكپارچەیی خاكی سووریا بپارێزێت و بە تەواوی كۆتایی بە یەپەگە بهێنێت، بەڵام ئەسەد رەتی كردەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغاندا دابنیشێت و گوتی تا یەك سەربازی تورك لە خاكی سووریادا مابێتەوە، دەست ناخەمە ناو دەستی، ئەمە ئەردۆغانی بێئومێد كرد.
كاتێك لە لوبنان و غەززە هاوكێشەی هێز دەگۆڕێت پێویستە لە سووریاش بگۆڕێت، توركیا هەستی بەوە كردبوو، بۆیە ئەم شەڕەی لە حەلەب هەڵگیرساند، تا لە هەر گۆڕانكارییەكی سووریا، بتوانێت رۆڵی هەبێت و یەپەگە لاواز بكات، تا ئێستاش سەركەوتوو بووە، چونكە هاوپەیمانەكانی یەپەگە، كە ئەمریكا و ئەورووپایە، تەنیا نیگەرانیی خۆیان دەربریوە دەڵێن پێویستە بارودۆخەكە هێور ببێتەوە و نەیانگوتووە ئێمە پاڵپشتی لە یەپەگە دەكەین لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ تەحریر شام، لە كاتێكدا تەحریر شام تیرۆریستە لای ئەمریكا و ئەورووپا.
میدیاكانی توركیا، بە ئاشكرا پشتگیری لە تەحریر شام و سوپای میللیی سووریا دەكەن، هەروەها سەركەوتنی ئەوان بە سەركەوتنی توركیا دەزانن، بۆیە پێشبینییەكان بۆ ئەوەن، مەبەستی توركیا ئەوە بێت شەڕەكە لە رۆژئاوای كوردستان فراوان بكات و یەپەگە بەتەواوی وەدەر بنێت، بەڵام ئایا ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپا رێگە بە توركیا دەدەن یەپەگە لەناو ببات؟ لە رۆژانی داهاتوو روون دەبێتەوە كە چارەنووسی یەپەگە لە رۆژئاوای كوردستان چی دەبێت، ئایا فرۆشراون لەپێناو ئەوەی توركیا نەچێتە باوەشی رووسیاوە؟ یان دەبنە فریادەڕسی و دەیكەنە ئەكتەرێكی سەرەكی ئەو گۆڕانكاریانەی بڕیارە لە سووریا روو بدات.