باڵیۆزی بەلجیکا: سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە و یەکێتیی ئەورووپا بایەخێکی تایبەتی هەیە

سێشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2024، لە سەلاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە سێرج دیکشن، باڵیۆزی بەلجیکا لە عێراق و ئوردن کرد.

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئـاماژەی بەوە کردووە “لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی بەلجیکا ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە خەباتی گەلی کوردستان و بەدیهاتنی سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە ئۆکتۆبەری رابردووی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد، و بەشداریی ڕێژەی بەرچاوی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردندا بە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بەهێزبوونی شەرعیەت لەقەڵەم دا.”

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە “باڵیۆزی بەلجیکا ئەوەشی دووپات کردەوە بەلای وڵاتەکەی و یەکێتیی ئەورووپاوە، سەقامگیریی هەرێمی کوردستان  بایەخێکی تایبەتی هەیە.”

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارە دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەڕەشەو مەترسییەکانی تیرۆر  و پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە  ئاڵوگۆڕ کرا.