گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک هێشتا لە خزمەتگوزاریی بێبەشن

تا ئێستا لە کەرکووک کێشەی زبڵ و خاشاک چارە نەکراوە، ڕۆژانە زیاتر لە ١٢٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاک لە شارەکە کۆدەبێتەوە. دانیشتووانی گەڕەک و کۆڵانەکانی شارەکە بەھۆی کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک ھەراسان بوونە. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بەردەوام گەڕەک و ناوچە کوردییەکان بێ بەش بوونە لە خزمەتگوزاری ئومێدەوارین وەکو ئەندامانی ئەنجوومەن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بتوانین خزمەت بە شارەکەمان بکەین، لە ھەموو سێکتەرەکان، بەتایبەتی خاوێنکردنەوە و جوانکردنی شار.

چەندین کێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری یەخەی خەڵکی کەرکووکیان گرتووە، تابەرەو قوڵایی گەڕەکە کوردییەکان بڕۆی کێشەکان زیاتر دەبن، کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک، نەبوونی ئاو، کارەبا، خراپی ڕێگەوبانەکان و چەندین کێشەی دیکە خەڵکەکەی ھەراسان و بێزار کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ناوچەکانی دیکە کە عەرەب نشینن ھەموو پڕۆژەیەکی لێ جێبەجێ کراوە.
کەرکووک لەسەر ئاستی عێراق، بە دووەم پیسترین شار دادەنرێت، لە دوای دیالەوە، لە ئاستی جیھانیش، یەکێکە لە بیست پیسترین شارەکانی جیھان، پاشماوە و زبڵ لە ئاستێکی بەرزە، ھەر تەنیا سیمای شارەکەی ناشیرین نەکردووە، بەڵکو دەبێتە ھۆی دەردانی گازی زیانبەخش، وەکو گازی میسان، کە یەکێکە لە ژھراویترین گازەکان بۆ تەندروستی مرۆڤ.
لەدوای ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە شارەکە ڕۆژدوای ڕۆژ بەرەو وێرانبوون دەچێت، سەوزایی نییە، زبڵ و خاشاک کۆبووەتەوە، ژینگەیەکی پیسی ھەیە، کەس نییە خزمەتی ئەو شارە بکات، ئەوەی دەکرێت، خەڵکی خۆبەخشە دەیکات. مەترسی نەمانی سەوزایی لە کەرکووک لەکاتێکدایە، سەدان بیرە نەوت و کارگە رۆژانە بڕێکی زۆر گازی ژەھراوی بڵاودەکەنەوە.
پێنج ساڵە ھەوڵدەدرێت چەمی خاسە لە کەرکووک بکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری، بەڵام ئێستا بووەتە شوێنی کەڵەکەبوونی خۆڵ و خاشاک و پاشماوە و ئاوەڕۆی شارەکە. لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن، کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک، ژینگەی کەرکووکی تێکداوە، لە شوێنی درەخت و دار، خۆڵ و زبڵ و خاشاک لەنێو گەڕەکەکانی کەرکووکدا کۆبووەتەوە، تەنانەت قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندیش بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی زبڵ، لە پەنای قەڵا و خاسەی کەرکووک، بەدەیان تۆن زبڵ و خاشاک کەوتوون و کەس ھەڵیانناگرێتەوە، لە شوێنی ئەم دیمەنە دەبوو ئەو ناوچەیە شوێنێکی گەشتیاری بووایە.
ھاووڵاتییان، دەڵێن: شاری کەرکووک ھەراسانی زبڵ و خاشاکە، لەسەر شۆستە و شەقامەکان، نێو باخچە و ناوەندی شەقام، بەرامبەر قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و لاکۆڵانەکان پڕبووە لە زبڵ، خەریکە لەگەڵ بۆن و بەرامی زبڵ و پیسیدا ڕادێین. ھاووڵاتییان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، حکوومەتی خۆجێی شارەکە کەمتەرخەمە، ئەگەر چارەیەکی بە پەلە نەدۆزرێتەوە، شارەکە پڕ دەبێت لە زبڵ و خاشاک.
ھیچ کام لە بەرپرسانی کەرکووک بیریان لای ژینگەی کەرکووک نییە، چونکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا شارەکە خاوەن بودجەیەکی گەورە بووە، بەھیچ شێوەیەک چاکبوونی ژینگە لە ماستەرپلانیدا نەبووە، لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە شارەکە ڕۆژبەڕۆژ بەرەو وێرانبوون دەچێت، سەوزایی نییە، زبڵ و خاشاک کۆبووەتەوە، ژینگەیەکی پیسی ھەیە، کەس نییە خزمەتی ئەو شارە بکات، ئەوەی دەکرێت، خەڵکی خۆبەخشە دەیکات، مەترسی نەمانی سەوزایی لە کەرکووک لە کاتێکدایە، سەدان بیرە نەوت و کارگە ڕۆژانە بڕێکی زۆر گازی ژەھراوی بڵاودەکەنەوە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بەردەوام گەڕەک و ناوچە کوردییەکان بێ بەش بوونە لە خزمەتگوزاری، ئومێدەوارین وەکو ئەندامانی ئەنجوومەن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بتوانین خزمەت بە شارەکەمان بکەین، لە ھەموو سێکتەرەکان، بەتایبەتی خاوێنکردنەوە و جوانکردنی شار.