پێنجشەممە, كانونی یه‌كه‌م 5, 2024

باڵیۆزی ئەمەریکا: سەرۆک بارزانی هەمیشە پاڵپشت و هاوکارمان بووە

یەکشەممە 1ی کانوونی یەکەمی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازیی لە خاتوو ئەلینا ڕۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە “باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی و بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، دووبارە پیرۆزبایی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد و دەستنیشانکردنی ڕۆژی کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانی بە هەنگاوێکی گرنگ زانی و هیوای خواست کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەرئەنجامی ئەرێنی هەبێت و بە زوویی لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێک بکەون.”

هەروەها باڵیۆزی ئەمەریکا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە هەمیشە پاڵپشت و هاوکاربووە لە کارەکانیدا و دوایین سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بە گرنگ وەسف کرد، کە بووە هۆی زیاتر لێک نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و باشتربوونیی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی باڵیۆزی ئەمەریکای کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری نوێیدا، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دا کە پێشەوەچوونی باشیی بەخۆیەوە بینیوە و هیوای بەردەوامیی و فراوانبوونی پەیوەندییەکانی هەردوولای خواست.

باروودخی سیاسی و دوایین پێشهات و ئاڵنگاری و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەرهەڵدان و بەهێزبوونەوەی تیرۆر و ڕێکارەکان بۆ پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بە گشتی، تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوون.

جێگەی ئاماژە پێکردنە، لەم دیدارەدا ستێڤ بیتنەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێریش، ئامادە بوو.