مەشخەڵ كەوڵۆسی
دەساڵی تەواوە عێراق مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەماوەی ئەم دە ساڵەدا، كورد خۆی نەك نەیتوانیوە كێشەكە چارەسەر بكات، بەڵكو نەیشی توانیوە لە ماناكان و هۆكاری بنەڕەتی و ئامانجی ڕاستەقینەی بڕینی مووچە تێبگات.
سەرجەم خوێندنەوەكانی كورد بۆ ئەو بابەتە، تاسەر ئێسقان ڕووكەش بوون و، لەئاستی پێویستدا نەبوون. خوێندنەوەی لایەنی فەرمی كوردستان بۆ بابەتەكە لێوان لێوبووە لەموجامەلەی سیاسی، لەبەر پابەندی لایەنی فەرمی بە پرۆتۆكۆل و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانەوە، نەویستراوە ڕێك وڕەوان بابەتی بڕینی مووچە لەقاڵبی خۆیدا پیشان بدەن. لەبەرانبەریشدا حیزبەكان و میدیای كوردی و نوسەران، بەبێ هەبوونی هیچ دیراسە و لێوردبوونەوەیەك، شەلم كوێرم ناپارێزم، باسی بڕینی مووچە و هۆكارەكانی و شێوازی چارەسەركردنی دەكەن.
لەدوای دەساڵ لەبڕینی مووچە، هەروەها بەهۆی ئەوەی وا جارێكی تریش بۆ ماوەی زیاتر لە دوومانگ، عێراق كێشەیەكی قووڵی بۆ مووچە دروستكردۆتەوە، بەپێویستم زانی ئەم تێبینیانە لەسەر بابەتەكە بنوسم:
یەكەم: ئێمە یەكەم كەس بووین لەدوای دیراسەیەكی قووڵ لە 2011 كەبەهۆی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق، بەهەموو لایەكدا هاوارمان كرد كە لەدوای ڕادەستكردنەوەی دەستەڵات بەعێراق، دەستبەجێ عێراق مووچە و بودجەی كوردستان دەبڕێت و، هەرواش دەرچوو.
دووەم: بڕینی مووچە نە پرسێكی سەر پێیە و نەپرسێكی شەخسییە، كورد لە سۆنگەی دواكەوتوویی و سادەیی خۆیەوە، هەركات سەرۆكوەزیرانێك لەبەغدا دەگۆڕێت، پێی وایە ئەو سەرۆكوەزیرانە كێشەی مووچە چارەسەر دەكات، زۆرجار گوێبیستی دروشمی سەیر دەبووین، وەك: كازمی تۆ بۆئێمە لازمی! یان دروشمە سەیر و سەمەرەكانی تر. بڕینی مووچە بڕیاری دەوڵەتی قووڵە لە عێراق و، پێداویستییەكی گرنگە بۆ تۆكمەكردنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق.
سێیەم: زۆرێك لەحیزبە كوردییەكان و میدیاكان، ڕۆڵێكی گەورەیان هەیە لەتێكدانی تێگەیشتنی كورد لە بابەتەكە، لەمەدا ئەوان ئەو ئەركە ڕادەپەڕێنن كە لەسیاقی بڕینی مووچەی كورددا بۆیان دیاریكراوە. بڕیاری بڕینی مووچە سەركەوتنی بەدەست نەدەهێنا، ئەگەر ئەوان ئەو ڕۆڵەیان نەگێڕایە و تێگەشتنی كوردیان تێكنەدایە.
چوارەم: ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەكاتێكدا خودی بڕینی مووچە لەدژی دەستور و بۆ خنكاندنی نەتەوەی كوردە، كەچی سەیر دەكەین بڕیاری دادگای فیدراڵیش نەیتوانی دەوڵەتی قووڵی عێراق ناچار بكات بەوەی دەستبەرداری ئەو سیاسەتە شۆڤێنییە ببێت.
پێنجەم: دەوڵەتی قووڵ لە عێراق پێویستی بەلاوازكردنی كوردە تاكو ڕادەی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان. ئەو پێویستی بەگەڕانەوەیە بۆ مۆدیلی دەوڵەتی مەركەزی، بۆ ئەوەش چەند هەنگاوێك پێویستن و بەبێ ئەو هەنگاوانە ناكرێ ڕاستەوخۆ دەوڵەتی مەركەزی ڕابگەیەنن، هەنگاوەكانیش ئەمانەن:
1-سەرەتا لاوازكردنی هەرێمی كوردستان، تا ئەو ڕادەیەی هیچ مانایەك بۆ دامەزراوەكانی نەمێنێتەوەو، یەك لەدوای یەك دەستەڵاتەكانی لێوەربگیرێتەوە. لەپرسی مووچە و ڕادەستكردنی یەك لەدوای یەكی دۆسییەكان بە بەغدا، زۆر بەڕوونی ئەم بابەتە دەبینرێت. هەموویشی بەپاساوی ناردنی مووچە. دەستەڵاتی كوردیش مەحكومە بەوەی گوێڕایەڵ بێت و دۆسییەكان ڕادەست بكات، ئەگینا نەناردنی مووچە و سزادانی خەڵك دەخرێتە ئەستۆی! بۆ ئەوەی بەغدا مووچە بنێرێت، كورد ناچارە یەك لەدوای یەك دەستەڵاتەكانی ڕادەست بكات.
2-لەدوای ئەوەی بەتەواوی كورد لاوازكرا، ئینجا هەنگاوی دووەم پراكتیزە دەكرێت كە بریتییە لە هەڵپەساردنی دەستور و گۆڕینی مۆدیلی فیدراڵی بۆ دەوڵەتی مەركەزی.
3- لەئێستادا زۆر بەڕوونی لێدوانی بەرپرسانی عێراق و میدیاكان دەبیستین كە ماركێتین بۆ دەوڵەتی مەركەزی دەكەن و، ئەوەش سەرەتایەكە و، بەشێكە لەپلانە گەورەكە بۆ گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی مەركەزی.
شەشەم: هیچ بڕیار و ڕێككەوتن و پاساوێك، هاتن و چوونی هیچ كەسایەتییەك، ناتوانێ كێشەی مووچە چارەسەر بكات، چونكە سیاسەتی لاوازكردنی كورد لەلایەكەوە كارایی خۆی سەلماندووە، لەلایەكی تریشەوە هێشتا كورد بەتەواوی خۆی نەداوە بەدەستەوە واتە سەداسەد ئامانجی نەهێناوەتە دەست. لەلایەكی تریشەوە، پێداویستییەكانی دەولەتی قووڵی عێراق بەدەوڵەتێكی مەركەزی وەك مەرجێكی سەنگین بۆ تۆكمەكردنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو دەوڵەتە، هەروەك خۆیانن و، هەرێمی كوردستان تاكە لەمپەرە لەبەردەم ئەو ئامانجەی دەستەڵاتی قووڵ لە عێراقدا. پێویستە ئەو لەمپەرە نەمێنێت!.
حەوتەم: ئەو ئەكادیمیست و سیاسی و میدیاكار و حیزب و قسەكەرانەی كە بابەتەكە لە پرسێكی قووڵی ستراتیژییەوە دەگۆڕن بۆ بابەتێكی تەكنیكی بچوكی وەك لیستی مووچە و ناوی دووبارە، ئەوانە یان نازانن و خەلەتێنراون لەلایەن عێراقەوە، یان دەزانن و خۆیان بەشدارن لە ماركێتین بۆ ئامانجەكە و كورد و هاووڵاتی سادەی هەرێم دەكەنە دوژمنی قەوارەی هەرێم.